کۆمەڵێک هەڵسوڕاو کۆبوونەوەی کوڕەکانی نەوشیراون مستەفا لەگەڵ ئۆرگانەکانی گۆڕان بە مەترسیدار ناوزەد دەکەن

کۆمەڵێک هەڵسوڕاوی گۆڕان لە ئەوروپا کە خۆیان " بە پرۆ گۆڕان" واتە پرۆژەی گۆڕان ناوزەد دەکەن، کۆبوونەوەی کوڕەکانی نەوشیراون مستەفا لەگەڵ ئۆرگانەکانی گۆڕان بەرووداوێکی مەترسیدار ناوزەد دەکەن.

لە راگەیەندراوێکدا لەسەر کۆبوونەوەی کوڕەکانی نەوشیروان مستەفا لەگەڵ ئۆرگانەکانی گۆڕان کە دانەیەکی بۆ سپی نێردراوە، پڕۆ (گۆڕانەکان) پرۆژەی گۆڕان ، دەڵێن " ماوەیەکە لە راگەیاندن و میدیاکانەوە بەرچاومان دەکەوێت کە چیا، کورە بچوکی رەوانشاد نەوشیروان مستەفا، دیدار و کۆبونەوە و چالاکی لە سایەی بزوتنەوەی گۆڕان و لە مەکۆ سەرەکیەکەی ئەنجام دەدات. ئەمە لە کاتێکدا ئەو زاتە هیچ پێگەیەکی فەرمی لە گۆڕاندا نیە، تەنها پەیوەندی بە گۆڕانەوە ئەوەیە کوڕی رەوانشادە، کە خودی کاک نەوشیروان بە درێژایی ژیانی سیاسی بە توندی دژ بە بنەماڵەییکردنی پرۆسەی سیاسی لە کوردستان وەستاوەتەوە ".

هەروەها لەو راگەیاندنەدا کە بەرواری ١٧ ی شوباتی لەسەرە هاتووە " ئێمە لە ئاراستەی پرۆ گۆڕان لە پلەی یەکەمدا بەتوندی خانەی راپەراندن و جڤاتی نیشتمانی ئاگادار دەکەینەوە کە بێدەنگی و بێدەسەڵاتیان بەرامبەر بەم رودواە مەترسیدارانە گوناهی گەورەی بە بنەماڵکردنی بزوتنەوەی گۆڕان دەخاتە ئەستۆیان، هاوکاتیش بەرپرسیار دەبن لە لێکەوتە چاوەروان نەکراوەکانی ئەم روداوانە کە دورن لە رەوشت و پرەنسیپ و بەها بەرزەکانی بزوتنەوەی گۆڕان کە رەوانشاد دایرشتون".

پرۆ گۆڕانەکان داوا لە سەرجەم دامەزراوەکانی گۆڕان لە بازنە و رایەڵەوە تا سەروتر دەکەین کە "دەنگی پرۆتێستی توند بەرامبەر بەم ئاراستە مەترسیدارە بەرز بکەنەوە و رێگری بکەن لەو ئاکامە وێرانکارانەی کە کاڵفامی و خۆپەرستی سیاسی بە سەر بزوتنەوەکەدا دەیهێنن".

سەرەتا پرۆژەی پڕۆ گۆڕانەکان دەگەڕیتەوە بۆ کۆبوونەوەیەکی کۆمەڵێک هەڵسوراوانی گۆڕان لە وڵاتانی ئەوروپا، کە لەڕۆژانی ٢٠ و ٢١ ئۆکتۆبەری ٢٠١٨ لەشاری لاهای لەوڵاتی هۆڵەند کۆبونەوە بۆ لێدوان و تاوتوێکردن و هەڵسەنگاندنی دۆخی ئەو دەمەی  بزوتنەوەی گۆڕان.  ئەو هەڵسوڕاوانەی گۆڕان ریکلامی ئەوە دەکەن ( پرۆژەی گۆڕان - پرۆگۆڕان) بۆ بەهاناوەهاتنی بزوتنەوەکە دروستبووە لە رۆچون لەسەر دەستی بازنەکانی دەسەڵاتی گۆڕاندا کە هەم ئۆباڵی حاڵ خراپی بزوتنەوەکەی دەکەوێتە گەردن‌ و، هەم خراپترکردنی دۆخەکە بەهۆی درێژەدان بە سیاسەتی نەخوازیار ‌و ئاڵودە بونی بەوەی بە ' توریسی سیاسی' ناوزەد دەکرێ.
 
دەقی راگەیەندراوەکە 
جەماوەر و هەڵسوراوانی دڵسۆزی گۆڕان
 ماوەیەکە لە راگەیاندن و میدیاکانەوە بەرچاومان دەکەوێت کە چیا، کورە بچوکی رەوانشاد نەوشیروان مستەفا، دیدار و کۆبونەوە و چالاکی لە سایەی بزوتنەوەی گۆڕان و لە مەکۆ سەرەکیەکەی ئەنجام دەدات. ئەمە لە کاتێکدا ئەو زاتە هیچ پێگەیەکی فەرمی لە گۆڕاندا نیە، تەنها پەیوەندی بە گۆڕانەوە ئەوەیە کوری رەوانشادە و بە زەبری یاسایی ئیدیعای خاوەنداریەتی ئەو موڵکی و ماڵە گشتیە دەکات کە رەوانشاد بۆ پرۆژەی گۆڕان بنیاتی نابو. لە کاتێکدا کە کاک نەوشیروان بە درێژایی ژیانی سیاسی بە توندی دژ بە بنەماڵەییکردنی پرۆسەی سیاسی لە کوردستان وەستاوەتەوە.

ئێمە لە ئاراستەی پرۆ گۆڕان لە پلەی یەکەمدا بەتوندی خانەی راپەراندن و جڤاتی نیشتمانی ئاگادار دەکەینەوە کە بێدەنگی و بێدەسەڵاتیان بەرامبەر بەم رودواە مەترسیدارانە گوناهی گەورەی بە بنەماڵکردنی بزوتنەوەی گۆڕان دەخاتە ئەستۆیان، هاوکاتیش بەرپرسیار دەبن لە لێکەوتە چاوەروان نەکراوەکانی ئەم روداوانە کە دورن لە رەوشت و پرەنسیپ و بەها بەرزەکانی بزوتنەوەی گۆڕان کە رەوانشاد دایرشتون. داوا لە سەرجەم دامەزراوەکانی گۆڕان لە بازنە و رایەڵەوە تا سەروتر دەکەین کە دەنگی پرۆتێستی توند بەرامبەر بەم ئاراستە مەترسیدارە بەرز بکەنەوە و رێگری بکەن لەو ئاکامە وێرانکارانەی کە کاڵفامی و خۆپەرستی سیاسی بە سەر بزوتنەوەکەدا دەیهێنن. 
پرۆ گۆڕان ١٧ ی فێبرواری ٢٠١٩



PM:12:39:18/02/2019