كچە كوردێك بەهۆی پەیوەندی خۆشەویستیەوە كوژرا

كچە كوردێك لە رۆژھەڵاتی كوردستان بەھۆی پەیوەندی خۆشەویستییەوە لەلایەن باوكییەوە كوژراوە.

رێكخراوی هەنگاو بۆ مافی مرۆڤ بڵاویكردەوە "كچێكی تەمەن 18 ساڵەی خەڵكی گوندی دارەلەكی سەر بە شاری مەهاباد بە ناوی لیدا ئەحمەدزادە بە دەستی باوكی كوژرا".

بەگوێرەی راپۆرتی ڕێكخراوەكە "پێشتر بڵاوكرابوویەوە كە لیدا خۆی كوشتووە، بەڵام دوای بەدواداچوونەكانی هەنگاو دەركەوت كە ناوبراو بە بیانووی هەبوونی پەیوەندی خۆشەویستی و لەلایەن باوكیەوە كوژراوە".

رێكخراوی ھەنگاو لە زاری سەرچاوەیەكی ئاگادار ئاماژەی بەوەداوە "باوكی لیدا دوای ئەوەی ئاگادار كراوەتەوە كە كچەكەی پەیوەندی خۆشەویستی هەیە، نەیهێشتووە كچەكەی بڕوات بۆ قوتابخانە و بە چەكی تاپڕ كوشتوویەتی".

ئەوەشخراوەتەڕوو كە باوكی ئەو كچە "جووتیار و ئەندامی سوپای پاسدارانی ئێرانیشە".

وەك ئەو رێكخراوە ئاماژەی ووێكردووە، دوو ھەفتە بەر لە ئێستاش كچێكی تەمەن 16 ساڵی خەڵكی دیواندەرە بە ناوی هۆزان خواهشی بە بیانووی هەبوونی پەیوەندی خۆشەویستی لەلایەن باوكیەوە كوژرابوو.



PM:01:39:19/02/2019