جەلال جەوهەر: لە رێككەوتنمان لەگەڵ پارتی چەندین خاڵی گرنگمان جێگیركردوە

جەلال جەوهەر، سەرۆكی شاندی دانوستانكاری بزوتنەوەی گۆڕان رایگەیاند، حكومەتی داهاتو پابەندكراوە بە هەڵگرتنی تەواوەتی پاشەكەوتی موچە و گێڕانەوەی موچە پاشەكەوتكراوەكان و دانانی سەقفی زەمەنی بۆ جێبەجێكردنی بەرنامەی حكومەت لە سێكتەرەكان.

جەلال جەوهەر، سەرۆكی شاندی دانوستانكاری بزوتنەوەی گۆڕان بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ میدیای فەرمی حزبەكەی رایگەیاندووە، لە رێككەوتنەكەیان لەگەڵ پارتی دیموكراتی كوردستان چەندین خاڵی گرنگیان جێگیركردوە و تەواوی رێككەوتنەكەش لەسەر هەر سێ ئاستی هەرێم و بەغدا و ناوچە كێشە لەسەرەكانە.

سەرۆكی شاندی دانوستانكاری گۆڕان ئاماژەی بەوەشكردووە، "خاڵێكی گرنگی رێككەوتنەكە بڕیاری هەڵگرتنی پاشەكەوتی موچەیە، كە حكومەت پابەندە بەوەی پاشەكەوتی موچە هەڵبگرێت كە ماوەی سێ بۆ چوار ساڵ خەڵكی كوردستانی بە تەواوەتی ماندو كرد و هەروەها گێڕانەوەی موچە پاشەكەوتكراوەكان بەپێی خشتەیەكی زەمەنی".

جەلال جەوهەر باسی لەوەشكردوە، "خاڵێكی دیكەی رێككەوتنەكە پێداچونەوەیە بە لیستی موچەخۆران، كە لە هەرێم نزیكەی یەك ملیۆن و 500 هەزار موچەخۆر هەیە، ئەوەش وایكردوە تێكەڵی دروست بێت لە نێوان موچە خۆر و فەرمانبەری راستەقینە، بۆیە گرنگە ئەو ژمارانە لە یەكتری جیابكرێتەوە، ئەوەش بەوە دەبێت كە لەداهاتودا لە هەرێمی كوردستان ئەنجومەنی راژە دروست بكرێت تاوەكو فەرمانبەر لەسەر بنەمای میلاك دابنرێت لە دامودەزگاكانی حكومەتی هەرێم".

18ی شوباتی 2019 پارتی دیموكراتی كوردستان و بزوتنەوەی گۆڕان لە هاوینەهەواری پیرمام رێككەوتنێكی نێوانیان بۆ چوار ساڵی داهاتوو واژۆكرد، هەمان رۆژیش كۆبونەوەی پەرلەمانی كوردستان بەڕێوەچوو دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان هەڵبژێردرا.



AM:11:06:21/02/2019