بکوژەکەی نیوزلەندا هێرشی بۆ سەر مزگەوتەکان بە لایڤی فەیسبوک بڵاوکردۆتەوە

بكوژه‌كه‌ی نیوزله‌ندا، كه‌ ئه‌مڕۆ له‌ په‌لامارێكدا بۆ سه‌ر دوو مزگه‌وت، 49 موسڵمانی نوێژخوێنی خه‌ڵتانی خوێن كرد و 48ی دیكه‌ی بریندار كرد، هێرشەکەی بە لایڤی فەیسبوک بڵاوکردۆتەوە

برینتۆن تارانت، بكوژه‌ نیوزله‌ندییه‌كه‌ له‌ به‌یاننامه‌كه‌یدا، كه‌ پێش په‌لاماره‌كه‌ی بۆ یەر مزگەوتەکان بڵاویكردووه‌ته‌وه‌،  رایگه‌یاندووه‌، كه‌سێكی سپی پێسته‌ و به‌ ره‌چه‌ڵه‌ك ئوسترالییه‌ و بیرۆكه‌ی ئه‌و په‌لاماره‌ی له‌ بكوژی نه‌رویجی ئه‌ندرس بهره‌نگ بریفیك وه‌رگرتووه‌، كه‌ له‌ 2011دا 77 هاووڵاتی كۆمه‌ڵكوژ كرد.

بریفیك به‌ تیرۆریستێكی نه‌رویجی هه‌ژمار ده‌كرا و له‌دایكبووی 13ی شوبات/ فێبرایه‌ری 1979 بوو و سه‌ر به‌ راستڕه‌وه‌ توندڕه‌وه‌كان بوو، كه‌ له‌ ئه‌وروپا به‌ دژایه‌تیكردنی ئیسلام و موسڵمانه‌ كۆچبه‌ره‌كان به‌ناوبانگن.

بریفیك له‌ 22ی ته‌مموز/ یۆلیۆی 2011 ده‌ستڕێژی له‌ خێوه‌تگه‌یه‌كی گه‌نجان كرد و 69 گه‌نجی كوشت. هه‌روه‌ها بۆمبێكی هه‌ڵدایه‌ باره‌گایه‌كی حكومه‌ت له‌ ئۆسلۆ و 8 كه‌سی كوشت.

له‌ دادگادا بریفیك رایگه‌یاند، كاره‌كه‌ی خراپ بووه‌، به‌ڵام پێویست بووه‌ بۆ پاراستنی نه‌رویج له‌ شه‌پۆلی ئیسلامی.

له‌ دادگادا رۆژی 16ی نیسانی 2012 به‌ تاوانی ئه‌نجامدانی كرده‌ی تیرۆریستی سزای ته‌نیا 21 ساڵ زیندانی به‌سه‌ر بریفیكدا سه‌پێندرا.
بكوژی موسڵمانه‌كانی دوو مزگه‌وتی كریست چرچی نیوزله‌ندا، ژماره‌یه‌ك ده‌سته‌واژه‌ی دژ به‌ توركیا و موسڵمانانی له‌سه‌ر ئه‌و چه‌ك و ته‌قه‌مه‌نییه‌ نووسیوه‌، كه‌ ئه‌مڕۆ له‌ په‌لاماره‌كه‌یدا به‌كاری هێنان.

له‌ دیارترین ئه‌و درووشمانه‌ی له‌سه‌ر چه‌كه‌كه‌ی نووسیویه‌تی، ئه‌مانه‌ن:

-توركی بێزراو

-1686 – ڤیه‌ننا: ئاماژه‌یه‌ بۆ شه‌ڕی نێوان ڤیه‌ننا و ده‌وڵه‌تی عوسمانی، كه‌ بووه‌ سه‌ره‌تایه‌ك بۆ رێگرتن له‌ بڵاوبوونه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتی عوسمانی له‌ ئه‌وروپا.

-پێشڕه‌وی ئه‌مه‌وییه‌كانی ئه‌نده‌لووس له‌ ئه‌وروپا راگرن.

-په‌نابه‌ران، به‌خێربێن بۆ دۆزه‌خ.. گه‌ڕان و گه‌شتی 732.


ئه‌مڕۆ میدیای نیوزله‌ندا زانیاری نوێی له‌ باره‌ی بكوژی موسڵمانه‌ نوێژخوێنه‌كانی دوو مزگه‌وتی كریست چرچی خۆرهه‌ڵاتی ئه‌و وڵاته‌ی بڵاوكرده‌وه‌ کە ناوی (هۆبرینتۆن تارانت)ـه‌ و به‌ ره‌چه‌ڵه‌ك ئوسترالییه‌ و ته‌مه‌نی 28 ساڵه‌.

پێش ئه‌وه‌ی په‌لاماره‌كه‌ی ئه‌نجامبدات، له‌ به‌یاننامه‌یه‌كی درێژدا هۆكار و ئامانج و پاڵنه‌ری په‌لاماره‌كه‌ی بڵاوكردووه‌ته‌وه‌.

تارانت، پێش كرده‌وه‌كه‌ی، لایڤی له‌ تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی فه‌یسبووك كردووه‌ته‌وه‌ و ته‌واوی تاوانه‌كه‌ی به‌ كامێرا تۆمار كردووه‌ و راسته‌وخۆ په‌خشیكردووه‌.

تارانت له‌ خێزانێكی مامناوه‌ند له‌دایكبووه‌ و بایه‌خی به‌ خوێندن نه‌داوه‌ و نه‌چووه‌ته‌ زانكۆ و رۆژانه‌ سه‌رقاڵی ئیشكردن بووه‌ و بڕێك له‌و پاره‌یه‌ی ده‌ستیكه‌وتووه‌، بۆ گه‌شت و سه‌یران به‌كاری هێناوه‌.

له‌م دواییانه‌ ناوبراو چووه‌ته‌ ناو هه‌ڵمه‌تێكه‌وه‌ به‌ ناوی "نه‌هێشتنی كه‌باب" وه‌ك ئاماژه‌یه‌ك بۆ رێگرتن له‌ بڵاوبوونه‌وه‌ی ئاینی ئیسلام له‌ ئه‌وروپا و دژایه‌تیكردنی كۆچبه‌ران.

پۆلیس تا ئێستا یه‌كلا نه‌بووه‌ته‌وه‌، ئایا تارانت به‌ ته‌نیا بووه‌، یان هاوه‌ڵی دیكه‌ی هه‌بووه‌. به‌ڵام به‌و هۆیه‌وه‌ چوار كه‌س ده‌ستگیركراوون.

ئه‌مڕۆ له‌ كاتی نوێژدا، چه‌كدارێكی توندڕه‌و، كه‌ خۆی به‌ سپی پێست وه‌سفكردووه‌، به‌ چه‌ك په‌لاماری دوو مزگه‌وتی دا و 49 هاووڵاتی نوێژخوێنی كوشت و 48ی دیكه‌ی بریندار كرد وكۆی گشتی ئاماده‌كاریی و په‌لاماره‌كه‌شی به‌ شێوه‌ی راسته‌وخۆ له‌ فه‌یسبووك بڵاوكرده‌وه‌.

سه‌رۆك وه‌زیرانی نیوزله‌ندا، جاسیندا ئاردین، رایگه‌یاند، ئه‌و رووداوه‌ هیچ وه‌سفێكی دیكه‌ هه‌ڵناگرێت، جگه‌ له‌وه‌ی پێی بوترێت تیرۆریستی. بكوژه‌كه‌ش بیروبۆچوونی توندڕه‌وانه‌ی هه‌بووه‌.

پۆلیس له‌ پێگه‌ی خۆی بڵاویكردووه‌ته‌وه‌، له‌م هه‌لومه‌رجه‌دا ناتوانرێت لێدوان له‌ باره‌ی پاڵنه‌ری په‌لامارده‌ره‌كان و هۆكاری ده‌ستدرێژییه‌كه‌یان بدرێت. به‌ڵام داوامان له‌ سه‌رجه‌م مزگه‌وته‌كان كردووه‌، به‌ شێوه‌یه‌كی كاتی ده‌رگایان دابخه‌ن و موسڵمانه‌كان له‌ مزگه‌وته‌كان دووربكه‌ونه‌وه‌.

پۆلیس راشیگه‌یاندووه‌، به‌یاننامه‌یه‌كی 87 لاپه‌ڕه‌ییان دۆزیوه‌ته‌وه‌، كه‌ پێش په‌لاماره‌كه‌ بڵاوكراوه‌ته‌وه‌ و تێیدا رق و توڕه‌یی دژی كۆچ و ئیسلام و موسڵمانان تێدایه‌.

ئه‌م بابه‌ته ‌1692 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

PM:02:31:15/03/2019