یەکێتی: دەسەڵاتی تەواو درایە شاندی دانوستانکار تا بە زوترین لەگەڵ پارتی دەستبکات بە کۆبونەوە

وتەبێژی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان رایگەیاند، وه‌فدێكى نوێ بۆ دانوستان له‌گه‌ڵ پارتى پێده‌هێنن، وتیشێ، ئاماده‌ین هه‌نگاوى پێویست بنێین بۆ پێكهێنانى حكومه‌تى نوێى هەرێم.

ئەمڕۆ  شەممە ١٦ی ئازاری ٢٠١٩ لەتیف شێخ عومەر، وتەبێژی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان لە دوای کۆبونەوەی مەکتەبی سیاسی یەکێتی لەکۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، یەکێتی بە پەرۆشەوە چاوه‌ڕوانی ئەوە دەکات بە زوترین کات کابینەی نوێی حکومەتی هەرێم پێکبێت، تەنها داواکاریشیان لە پارتی ئەوەیە بەشداری ئەوان لە حکومەت گرێدراوە بە هاوبەشیکردنی کاریگەر و راستەقینەوەو ئەو هاوبەشییەی لە رێککەوتنی نێوانیان لەگەڵ پارتی واژۆیان کردوە.

وتیشی"ئەگەر برادەرانی پارتی سورن لەسەر ئەوەی یەکێتی بەشداربێت لەم حکومەتەدا دەبێت ئەوە قبوڵ بکات کە بەشدارییەکی راستەقینە و کارای هەبێت لە بڕیاردان لە سەرۆکایەتی هەرێم و حکومەت و پەرلەمان و دۆسیەی ئەمنی و دارایی و پەیوەندیەکاندا"

لەتیف شێخ عومەر ئاماژەی بەوەشکرد، "لە کۆبونەوەی ئەمڕۆ مەکتەبی سیاسی یەکێتیدا شاندی دانوستانکار بۆ کۆبونەوە لەگەڵ پارتی دەستنیشانکرایەوە و دەسەڵاتی تەواوی درایە تا بە زوترین لەگەڵ پارتی دەستبکات بە کۆبونەوە بۆ کۆتاییهێنان بەو پڕۆسەیە لەسەر هەمو ئاستەکان، هەر ئێستا ئامادەین بۆ هەنگاوی پێویست بۆ دروستکردنی کابینەی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەو شێوەیەی کە لە رێککەوتنامە سیاسیەکەماندا هاتوە، ئێمە جیاوازیمان هەیە لەگەڵ پارتی و دەبێت چارەسەری بکەین".

وتەبێژی یەکێتی راشیگەیاند، "ئەگەر برایانی پارتی دەیانەوێت بەشداربین لە حکومەت و بڕیارداندا، ئەوا ئێمە دەمانەوێت ئەو پاشەکەوتەی کە هەڵگیرا، بۆ ئەوەی بەردەوام بێت و ئەو خۆشییەی چوە دڵی خەڵکەوە دوای سەردەمێک لە ناخۆشی، دەبێت حکومەتی هەرێمی کوردستان پابەندبێت بە یاسای بودجەی عێراق تاوەکو خەڵک هەمو رۆژێک لە دڵەراوکێی ئەوەدا نەبێت، پشکی هەرێم لە بەغداوە دێت یان نا".

رونیشیکردەوە، "دروستکردنی حکومەت و پەرلەمان لای یەکێتی پەکپاکێجە و بەشداری بکەین بەوجۆرە بەشداری دەکەین، لەبەرئەوە هەنگاونان بەرەو دروستکردنی حکومەت هەنگاونان بەرەو تێپەڕکردنی یاسای سەرۆکایەتی هەرێمە، بەو جۆرە رێککەوتنی لەسەر دەکەین کە لە رێککەوتنەکەدا دەڵێت بە سازان، نەک بە سازانی نێوان پارتی و یەکێتی بەڵکو سەرجەم ئەو هێزانەی بەشداری حکومەت دەکەن"

لەتیف شێخ عومەر لەوەڵامی پرسارێكدا سەبارەت لێدوانێكی نێیچیرڤان بارزانی كە باسی یەكێتی كردبوو، وتی ئێمە چاوەڕوانمان دەكرد كاك نێچیرڤان لەكاتی خراپدا قسەیەكی باشتر بكات لەوەی هەیە وەكو پێشتر كردویەتی، وەڵامەكەی ئێمە بۆ ئەو ئەوەیە "حكومەتی هەرێمی كوردستان و كاك نێچیر كە تائێستا سەرۆكی حكومەتە ئەوەندە كێشەی هەیە كە سەری نەپرژێتە سەر كێشە ناوخۆییەكانی ئێمە"، كێشە ناوخۆییەكانی ئێمە وەك هەر حزبێكی دیكە ئەگەر كێشەمان هەبێت حزبی تریش هەمووی كێشەی هەیە.

وتەبێژی یەكێتی راشیگەیاند: هەر خودی نێچیرڤان بارزانی تەسوییەكردنێكی بنەماڵەیانەی دابەشكردنی پۆستەكانی سەرۆكی هەرێم و سەرۆكی حكومەت بەو رێگایەی بینیتان بەشێكە لەو تەنگەژەیە بۆ چارەسەری كێشەیەكی حزب كە نامانەوێت قسەی لەسەر بكەین.

ئەمەش لە کاتێکدایە دوێنێ نێچیرڤان بارزانی جێگرى سەرۆکى پارتى لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ ماڵپەڕی ئەلمۆنیتەر ئاماژەى بەوە کردبوو، دروستبوونی چەند باڵێک لەناو یەکێتیدا، گرفتی بۆ دانوستانەکانی پارتی لەگەڵ یەکێتی دروستکردووە، پارتی دانوستان لەگەڵ هەموویان دەکات، ئەوەش کێشەیە بۆ گفتوگۆکانی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێم.


 


PM:03:01:16/03/2019