نیو ملیۆن دۆلار دزرا


لەڕێگای دەشتی کۆیە ئێوارەی ئەمڕۆ ٤٧٠ هەزار دۆلار لە خاوەنی کۆمپانیایەک دەدزرێت و برینداریش دەکرێت.

عه‌لی عه‌بدوڵڵا بەڕێوەبەری پۆلیسی کۆیە لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند "هاووڵاتیەک بە ناوی (ف.ک.م) دانیشتووی شاری سلێمانی و کۆمپانیای کڕین و فرۆشتنی ئۆتۆمبێلی ھەیە، ئێوارەی ئەمڕۆ کاتێک ویستویەتی بچێت بۆ ھەولێر لەڕێگەی دەشتی كۆیه‌ ڕێگه‌ی لێگیراوەو سەرەڕای بردنی پارەکەی لەلایەن چه‌ند كه‌سێكی نەناسراو، بە چەک برینداریش ده‌كرێت".

بەڕێوەبەری پۆلیسی کۆیە وتیشی: "بەوتەی ئەو ھاووڵاتییە 47 دەفتەر دۆلاری لێ دزراوە، ھەروەھا دوای تۆمارکردنی سکاڵا لە بنکەی پۆلیسی نەخۆشخانەی کۆیەو وەرگرتنی چارەسەری سەرەتایی، ڕەوانەی نەخۆشخانەکانی شاری ھەولێر کراوە".

عەلی عەبدوڵا ئەوەی خستەڕوو "ھاووڵاتییەکە ئەو کەسانە ناناسێت کە کارەکەیان بردووه‌، بەڵام ئێمە وەکو ھێزە ئەمنییەکان بەدواداچون و ڕێکاری پێویست دەگرینەبەر".



PM:08:34:16/03/2019