هۆڵەندا...بەهۆی روداوێكی تەقەكرنەوە ژمارەیەك هاوڵاتی برینداربوون

پۆلیسی هۆڵەندا رایگەیاند، بەهۆی روداوێكی تەقەكرنەوە لەناو شاری ئۆترێخت ژمارەیەكی زۆر هاوڵاتی برینداربون.

میدیاكانی ئەو وڵاتە بڵاویانكردەوە بەیانی ئەمڕۆ دوشەممە، لە ئەنجامی روداوێكی تەقەكردن بەسەر شەمەندەفەرێكی كارەباییدا لە شاری ئۆتریخت-ی ئەو وڵاتە، ژمارەیەكی زۆر لە هاوڵاتیان برینداربون.

ئاماژەی بەوەشكردوە، هێزەكانی ئاسایش و پۆلیس ئەو ناوچەیەیان گەمارۆداوە كە وێستگەی شەمەندەفەرەكەی لێیە و خزمەتگوزاری فریاكەوتنی خێرا لە ناوچەكەدا بڵاوكراونەتەوە.

ڕۆژنامەی ئەلخمین-ی هۆڵەندی سەبارەت بەو روداوە رایگەیاندوە، پۆلیسی ناوخۆ و هێزەكانی دژە تیرۆری ئەو وڵاتە گەیشتونەتە سەر شوێنی ئەنجامدانی روداوەكە، كە لە چڕی دانیشتواندا بە چوارەمین ناوچەی نیشتەجێبون لەو شارەدا هەژماردەكرێت.

بەپێی زانیاریە سەرەتاییەكان، پیاوێك تەقەی لە شەمەندەفەرێكی كارەبایی كردوە، بەڵام تا ئێستا روننەكراوەتەوە تەقەكردنەكە لەناو شەمەندەفەرەكەوە بوە یاخود لە دەرەوەی شەمەندەفەرەكە.

پۆلیسی شاری ئۆتریخت-یش هەواڵەكەی پشتڕاستكردوەتەوە و رایگەیاندوە، بەمەبەستی گەڕان و بەدواداچون بۆ ئەنجامدەری ئەو كردەوەیە ئەفسەرانی ئەو وڵاتە لەناوچەی رودانی روداوەكەدا بڵاوبونەتەوە، بەڵام تا ئێستاش چۆنیەتی رودانی ئەو كارە و هۆكارە پاڵنەرەكانی بڵاونەكراوەتەوە.



PM:02:44:18/03/2019