باكوری كوردستان...لەناو ڕیزی دەنگدەراندا دوو كەس كوژران

بەیانی ئەمڕۆ لە كاتی پڕۆسەی هەڵبژاردنی شارەوانییەكانی توركیا و لە ڕیزی دەنگداندا لە پارێزگای مەلەتیی باكوری كوردستان بەهۆی شەڕەوە دوو كەس كوژران و كەسێكی دیكەش برینداربوو.

میدیاكانی توركیا بڵاویانكردەوە بەهۆی تەقەكردنی كەسێكەوە لە ناو ڕیزی دەنگدەراندا لە قوتابخانەیەكی ناحیەی پوتورگێی سەر بە پارێزگای مەلەتی، دوو كەس كوژران و كەسێكی دیكەش برینداربوون و تەقەكەرەكە دەستگیركراوە و بۆ تەشەنە نەكردنی ڕووداوەكەش لەدەوروبەری ئەو قوتابخانەیەی كە دەنگدانی تێدا دەكرێت هێزی ئەمنی جێگیركراون.

هەڵبژاردنی شارەوانی و خۆجێیەكانی توركیا پێنج ساڵ جارێك ئەنجام دەدرێن، لەم هەڵبژاردنەشدا 12 پارتی سیاسی ركابەری یەكتری دەكەن، كە ئەوانیش بریتین لە پارتی داد و گەشەپێدان "ئاكپارتی"، پارتی یەكێتی گەورە، پارتی توركیای سەربەخۆ "بەتەپە"، پارتی كۆماری گەل "جەهەپە"، پارتی دیموكرات، پارتی چەپرەوی دیموكرات، پارتی دیموكراتی گەلان "هەدەپە"، پارتی چاك، پارتی بزتنەوەی نەتەوەپەرست "مەهەپە"، پارتی سەعادەت، پارتی نیشتیمان و پارتی كۆمۆنیستی توركیا.

لە هەڵبژاردنی ئەمڕۆدا سەرۆك و ئەندامانی شارەوانییەكانی 30 گەورەشار، 51 ناوەندی پارێزگا، 922 شارۆچكە و دەیان هەزار گوند هەڵدەبژێردرێن؛ لە هەمان رۆژیشدا ئەنجامی بەرایی هەڵبژاردنەكان رادەگەیەندرێت.

بەگوێرەی ئامارەكان زیاتر لە 57 ملیۆن دەنگدەر مافی دەنگدانیان هەیە بۆ ئەوەش 194 هەزار و 715 سندوقی دەنگدان ئامادەكراون.

دیارترین ئەو پارتانەی ململانێی بەدەستهێنانی زۆرترین شارەوانی دەكەن، پێكهاتوون لە سێ هاوپەیمانێتی كە ئەوانیش یەكەمیان مەهەپە ئەكەپە، دووەمیان جەهەپە ئی پارتی هەروەها سێیەمیشیان لەنێوان هەدەپە، و پارتە كوردییەكانی دیكەن.



PM:12:36:31/03/2019