هاوسەرۆکی هەدەپە: ئاکەپە سیاسەتی قەیومی مۆدێرن پیادە دەکات

هاوسەرۆکی هەدەپە پەروین بوڵدان، رایدەگەیەنێت، ئاکاپە ساختەکاریەکی زۆری لە هەڵبژاردندا کردووە، سەرباری ئەو ساختەکاریەش هەدەپە لە ٦٥ شارەوانی براوەیە، بەڵام ئاکەپە سیاسەتی قەیومی مۆدێرن پیادە دەکات.

لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەگەریدا، پەروین بوڵدان هاوسەرۆکی گشتی پارتی دیموکراتی گەلان(هەدەپە) رایگەیاند:"سەرەڕای ساختەكاریەكان، هەدەپە 65 سەرۆک شارەوانی لە باکوری کوردستان بردوەتەوە، پارتی دەسەڵاتدار لە چەندین ناوچە ساختەكاری كردوە و شكستی هێناوە، بەڵام بەناوی قەیومی مۆدێرنەوە دەیەوێت دەنگەكانی هەدەپە كاریگەری نەمێنێت".
 
هاوسەرۆكی هەدەپە رەخنەی لە دەزگای هەڵبژاردنەكانی توركیا گرتو وتی:"بێلایەنی خۆی لەدەستداوە، دەیانەوێت ئەحمەد تورك بە بیانوی زیادبونی تەمەنی لە سەرۆكایەتی شارەوانی مێردین دوربخەنەوە و كاندیدی پارتی دادو گەشەپێدان لە شوێنەكەی دابنێن".

دوێنێ، لیژنەی باڵای هەڵبژاردنەكانی توركیا بڕیاریدا سەرجەم ئەو كاندیدانەی پێشتر بەپێی یاسای (قەییومیەكان) لە پۆستەكانیان دورخراونەتەوە سەرەڕای ئەوەی لە هەڵبژاردنە ناوخۆییەكانی توركیا زۆرینەی دەنگیان لە شارەكانیاندا بەدەستهێناوە، فەرمانی دەستبەكاربونیان پێنەدرێت. 

سەرەڕای ئەوەی لە هەڵبژاردنی شارەوانیەكانی توركیا سەركەوتوبون، پێنج كاندیدی پارتی دیموكراتی گەلان (هەدەپە) لە شارە كوردیەكانی باكور فەرمانی دەستبەكاربونیان پێنادرێت و لیژنەی باڵای هەلبژاردنەكانی توركیاش هۆكارەكەی بۆ ئەوە دەگەڕێنێتەوە  پێشتر ئەو كاندیدانە بە فەرمانێكی سەرۆكایەتی توركیا و یاسای (قەییومەكان) لە پۆستەكانیان دورخراونەتەوە. 
 
لە بڕیارەكەی لیژنەی باڵای هەڵبژاردنەكانی توركیادا ئاماژە بەوەكراوە،لە بری ئەو كاندیدە براوانە، ئەو كاندیدانەی بە پلەی دوەم لەو ناوچانەدا سەركەوتوبون، كە لە سەرجەم شارەكاندا كاندیدانی ئاكپارتی بە رابەرایەتی رەجەب تەییب ئەردۆغان، سەرۆك كۆماری توركیا پلەی دوەمیان بەدەستهێناوە فەرمانی دەستبەكاربونیان بۆ دەردەكرێت.




PM:12:33:12/04/2019