نێچیرڤان بارزانی لە یادی ئەنفالدا: ئەنفال پرسێکی ئەخلاقییە

سەرۆکی حکومەتی هەرێم لە ٣١ ساڵیادی تاوانی ئەنفالدا پەیامێک بڵاودەکاتەوەو جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە" پرسی ئەنفال پرسێکی ئەخلاقییە".

دەقی پەیامەکەی نێچیرڤان بارزانی لە یادی ئەنفالدا 

جارێکی تر دوای زیاتر لە 30 ساڵ یادی قوربانیان و کەسوکاری شاڵاوی دڕندەی ئەنفال دەکەینەوە. ئەو شاڵاوەی هیچ سنوورێکی نەدەناسی؛ ئافرەت، پیاو، منداڵ و بەساڵاچوو؛ گرنگ لەناوبردنی ژیان بوو لە گوند، شارۆچکە و شارەکانی ئەم بەشەی کوردستان. سیاسەتی رەگەزپەرستانەی رژێمی بەعس بەرامبەر میللەتەکەمان جگە لە وێرانکاری و تۆقاندن و سەپاندنی دەسەڵاتی دێوەزمەی عێراق، ژیانی زیاتر لە 180 هەزار کەسی بەچەکی قورس و گازی کوشندە و کیمیابارانی ئاسمانیی کوردستان بەکۆتا هێنا. 

ئێمە وەک میلەتێک دەبێت بە ئەرکی خۆمان بزانین، کە نەک تەنیا یادی کیمیابارانی قوربانیانی ئەنفال بکەینەوە، بەڵکو هاوکاری تەواوی کەسوکاریان و ئاوەدانکردنەوەی زێد و باشترکردنی هەلومەرجی ژیانیشیان لە ئەستۆی ئێمەدایە. 

سەرباری ئاڵۆزی و سەختییەکی سیاسیی وڵات، ساڕێژکردنی برینی ئەنفال و قەرەبووکردنەوەیان دەبێت کاری سەرەکی دەوڵەت و حکومەتی عێراق بێت. ئەمە بەرپرسییەکی ئەخلاقیی و مێژووییە. 

بۆ رێگریکردن لە هەر هێرشێکی هاوشێوەی ئەنفال لە داهاتوودا دژی گەلەکەمان، جا لەژێر درووشمی نەژادپەرستی، نەتەوایەتی، ئاینی یان ئایدۆلۆژیای سیاسیدا بێت، ئێمە نابێت قوربانیانی ئەنفال و کەسوکاریان لەبیربکەین. با ئەمڕۆ و سبەینێ و هەموو رۆژێک یادیان بکەینەوە.



AM:09:30:14/04/2019