کەشناسی: شەپۆلێکی دیکەی بارانبارین دەستپێدەکات

بەڕێوەبەرایەتی گشتی کەشناسیی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، لە رۆژی سێشەممەوە شەپۆلێکی بارانبارین و هەورەتریشقە روو لە ناوچەکانی کوردستان دەکات.

ئەژی چەتۆ، وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی کەشناسیی هەرێمی کوردستان رایگەیاند رۆژی سێشەممە 16ی نیسانی2019، کاریگەری نزمە پاڵەپەستۆی دەریای نێوەڕاست کاردەکاتە سەر هەرێمی کوردستان، سەرەتا بارانبارین لە سنووری پارێزگای دهۆک دەستێدەکات، لە شەویشدا کاریگەری دەگاتە ناوچەکانی دیکە.

وتیشی، لە بەرەبەیانی رۆژی چوارشەممەشدا بارانبارین و هەورەتریشقە تەواوی هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە و پلەی گەرما نزمدەبێتەوە.

هەروەها پێشبینی کرد، کە رێژەی بارانبارین لە دهۆک و ناوچە شاخاوییەکانی سنووری پارێزگای هەولێر 30 ملم تیپەڕدەکات، لە ناوچەکانی دیکەش نزیکەی 10 ملم باران دەبارێت.

وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی کەشناسیی هەرێمی کوردستان راشیگەیاند، لە درەنگانێکی رۆژی چوارشەممەدا کاریگەری بارانبارینەکە لاواز دەبێت.


AM:12:14:16/04/2019