زانیاری لەبارەی مووچە پاشەکەوتکراوەکانەوە ئاشکرادەکرێت

سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای هەولێر ڕایدەگەیەنێت کە یاداشتێكیان ئاڕاستەی وەزارەتی دارایی كردووە، بۆ ئەوەی مووچەی پاشەكەوتكراوی فەرمانبەران بدرێتەوە و حکومەتی لەڕێگەی مووچە پاشەکەوتکراوەکانەوە قەرزی ئاو و کارەبا و پێشینەکان وەربگرێتەوە.

ئەندازیار عەلی ڕەشید، سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای هەولێر بە ماڵپەڕی فەرمی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاندووە، "سەبارەت بە مووچەی فەرمانبەران و مووچە پاشەكەوتكراوەكان و پێشینەی هاوسەرگیری و خانووبەرە و كشتوكاڵ، هەریەكە لە ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر، سلێمانی، دهۆك و پارێزگای هەڵەبجە یاداشتێكیان داوەتە وەزارەتی دارایی و لیژنەی چاكسازیی پەرلەمانی كوردستان بۆ ئەوەی مووچەی پاشەكەوتكراوی فەرمانبەران و بڕی ئەو قەرزەی لای حكوومەتە لە ڕێگای هەژماری بانكییەوە بدرێت بە مووچەخۆران، هاوكات حكوومەت لە ڕێگەی ئەو هەژمارە تایبەتەوە پێشینەی هاوسەرگیری و خانووبەرە لە مووچەخۆران وەربگرێتەوە".

وتیشی: "وەزارەتی دارایی بێ گوێدانە یاداشت و نووسراوەكانی ئەنجومەنی پارێزگاو پەرلەمان، هەڵساون بە وەرگرتنەوەی پێشینەكان لە فەرمانبەران و مووچەخۆران، لە كاتێكدا هیچ قەرزێك بۆ فەرمانبەران نەگەڕاتەوەوە، ئێمە جەخت لەسەر پێـشنیاز و بڕیارەكان دەكەینەوە و هاوكار و هاودەنگی مووچەخۆران دەبیـن لە بەدەستهێنانی مافەكانیان".

دەشڵێت "بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان سێ جار داوامان لە حكوومەت و كۆمسیۆن كردووە وادەی ئەنجوومەن كۆتایی هاتووە و پێویستە هەڵبژادرن ئەنجام بدرێـت، بەڵام كۆمسیۆن ئامادە نییە و حكوومەت بوودجەی بۆ ئەم هەڵبژاردنە تەرخان نەكردووە، واش پێـدەچێت لەگەڵ ئەنجوومەنی پارێزگاكانی عێراق لە مانگی دوانزەدا هەڵبژاردنەكانی ئەنجومەنی پارێزگاكانی هەرێمیش ئەنجام بدرێـت".

سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای هەولێر ڕوونیشی کردووەتەوە، "بە بڕیاری وەزیری شارەوانی، زەوی و خانووی دابەش دوو ڕاگیراوە، بە هۆی ئەوەی لە ڕابردوودا بەشێك لە نووسینگەكانی خانووبەرە بۆ بازرگانیكردن بەم پرسە خانوو و زەوییەكانیان بەكار دەهێنا و هاووڵاتیان لێی سوودمەند نەدەبوون، بەڵام بەپێی ڕێنماییەكانی شارەوانی لە ڕابردوودا لە هەر شوێن و بلۆكێك دابەش دوو كرابێـت، بەپێی پێویستیی هاووڵاتییان كارەكە كراوە، ئێستاش ئەم پرسە لە وەزارەتی شارەوانییە و خوێندنەوە و وردەكاری و ڕێنمایی زیاتری بۆ دەردەكرێت".


PM:03:38:17/04/2019