پەرلەمانی عێراق یاری پەبجی و هاوشێوەكانی قەدەغە کرد

پەرلەمانی عێراق داوا لەحكومەت دەكات یاری پەبجی و هاوشێوەكانی قەدەغە بكرێت و دەشڵێت، یاری پەبجی هەڕەشەیە بۆ سەر ئاسایشی كۆمەڵایەتی.

لە دانیشتنی دوانیوەڕۆی ئەمڕۆیدا، پەرلەمانی عێراق بە زۆرینەی دەنگ بڕیاریدا بە قەدەغەكردنی ئەو یارییە ئەلیكترۆنیانەی كە خەڵك هاندەدەن بۆ كارو كردەوەی توندوتیژیی وەك یارییەكانی پەبجی و فۆرتنایت و نەهەنگی شین.

بڕیارەكە پشتی بەستووە بە مادەی 59ی دەستوری عێراق، هەروەها كاریگەریی خراپی ئەو یارییانە لەسەر دەرون و رۆشنبیری و ئاسایشی كۆمەڵگەی عێراقی و مەترسی كۆمەڵایەتی و ئەخلاقی لەسەر منداڵان و گەنجان و خوێندكاران و قوتابخانە و زانكۆكان و كاریگەری خراپ لەسەر ئاسی خوێندن پەروەردەی خوێندكاران.

بەپێی دەقی بڕیارەكە؛ داوا لە حكومەت دەكرێت هەمو ئەو رێكارانە بگرێتەبەر كە پەیوەندیی بە قەدەغەكردنی ئەو یارییە ئەلیكترۆنیانەوە هەیە بەتایبەتی یارییەكانی (پەبجی و فۆرتنایت و بلووەیڵ- نەهەنگی شین) و هەموو ئەو یارییانەی كە هاوشێوەن، كە كاریگەریی لەسەر ئاسایشی كۆمەڵایەتی و ئەخلاقی و پەروەردە و خوێندن هەیە لەسەر سەرجەم چینەكانی كۆمەڵگەی عێراقی.


PM:04:46:17/04/2019