دەرماڵەو كرێی خوێندنی كوڕو كچی شەهیدان و ئەنفالكراوان خەرجدەکرێت

وەزارەتی كاروباری شەهیدان و ئەنفالكراوانی حكومەتی هەرێم، دەرمالەو كرێی خوێندنی كوڕو كچی شەهیدان و ئەنفالكراوان لە زانكۆ ئەهلییەكان خەرجدەكات.

فواد عوسمان، وتەبێژی وەزارەتی كاروباری شەهیدان و ئەنفالكراوانی حكومەتی هەرێم رایگەیاند" لە ڕێگای بەڕێوەبەرایەتی خزمەتگوازییەوە بەردەوام بەدواداچوون بۆ كرێی خوێن و دەرماڵەی خوێندكارانی كچ و كوڕی شەهیدان دەكەن و لە ئێستاشدا لیست و ژمارەی خوێندكارانیان ناردووە بۆ وەزارەتی دارایی و پارەی خوێندنی ساڵی ٢٠١٦-٢٠١٧ بەتەواوی خەرجكراوە.

وتیشی، لەئێستاشدا هەوڵدەدەین رەزامەندی خەرجكردنی كرێی خوێندنی ساڵەكانی دیكەش بەدەستبهێنین.

فواد عوسمان ئاماژەی بەوەشکرد، دوو جۆر دەرماڵەمان هەیە بۆ خوێندكارانی كوڕو كچی شەهید، كە دەرماڵەی هاتووچۆو مانەوەیە.

وتەبێژی وەزارەتی كاروباری شەهیدان و ئەنفالكراوانی حكومەتی هەرێم باسی لەوەشكرد، دەرماڵەی مانەوە بۆ ئەو كەسانەیە لە دەرەوەی شوێنی نیشتەجێبوونیان دەخوێنن و بەشە ناوخۆییمان بۆ زۆربەیان دابینكردووە، لەگەڵ ئەوەشدا دەرماڵەیەكیان هەیە بە گوێرەی بوونی پارە بۆیان دابینكراوە.




PM:08:33:18/04/2019