ئێلبەگی جاف هەڕەشە دەکات
هۆشیار عەبدوڵاش دەیخاتە ئەستۆی ماڵپەڕی سپی میدیا


لەسەر بڵاوکردنەوەی هەواڵێکی سپی میدیا و نووسینێکی هۆشیار عەبدوڵا لەسەر ئەو هەواڵەی سپی، ئێلبەگی جاف هەڕەشە دەکات و، هۆشیار عەبدوڵاش لە روونکردنەوەیەکدا دەیخاتە ئەستۆی سپی میدیا.

سپی لە هەواڵێکدا کە دوێنی ٥ شەممە بڵاویکردەوەو ئاماژەی بۆ ئەوە کردووە کە سەرۆکی عێراق، بەرهەم ساڵح ٢٠٠ ملیۆن دیناری بۆ ئاهەنگی ئێلبەگی جاف خەرجکردووە، ئەمڕۆ هەینی هۆشیار عەبدوڵا پەرلەمانتاری گۆڕان کردی بە پرسێکی سیاسی و لە تویتەر پۆستێکی بڵاوکردۆتەوە دژی ئەو پارە خەرجکردنەی سەرۆکی کۆمار، دواتر ئێل بەگی جاف لە روونکردنەوەیەکدا  هەڕەشە دەکات و جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە" بەمافی خۆمانی دەزانین بۆ ریگە گرتن لە درۆ وچاوبەست وچەواشەکاری وبۆئەوەی وشیارعبداللە بزانێت لە کوێدایە وئەرکەکەی چیە ویاساییانە قسەبکات  وبۆ ئەوەی فێربێت تەشهیرو ناوزراندن ئەرکی پەرلەمانتار نیە ناچارین ریکاری یاسایی بەرانبەر ئەو و هەموئەوانە بگرینە بەر کە ئەوتۆمەتە بێ بنەمایانەیان بۆ بەلارێدا بردنی".

بەرامبەر ئەو روونکردنەوەی ئێل بەگی جاف، هۆشیار عەبدوڵا پەرلەمانتاری گۆران لە روونکردنەوەیەکدا، دەیخاتە ئەستۆی ماڵپەڕی سپی میدیاو، دەڵێت" هەواڵی بەخشینی بڕی دوسەد ملێۆن دینار رۆژی پێنج (شەممە ۲٥ی ٤ ی ۲٠۱۹ )لە سەعات (پێنج و چل خولەکی)عەسرەوە لە سایتی سپیی میدیا بڵاوکراوەتەوە و ئێمە رۆژێک دوای بڵاوبونەوەی ئەم هەواڵە تویتێکی رەخنەئامیزمان ئاراستەی سەرکۆمار کردوە".

بەرپرسی ژووری هەواڵی سپی میدیا، لەسەر ئەم دوو روونکردنەوەیە رایگەیاند" کاتێک ماڵپەڕی سپی، وەک میدیایەکی سەربەخۆ دەستی بۆ ئەو هەواڵە بردووە، تەنها وەک قیمەتێکی خەبەری تەماشای هەواڵەکەو بڵاوکردنەوەی کردووە، نەک وەک ئەوەی بکرێتە پرسێکی سیاسی لە نێوان پەرلەمانتارێکی گۆڕان و سەرۆک کۆمار".

بەرپرسی ژووری هەواڵ لە درێژەی ئەو لێدوانەیدا بۆ سپی، راشیگەیاند" ماڵپەڕی سپی خۆی بەخاوەنی بڵاوکردنەوەی ئەو هەواڵە دەزانێت و ئامادەی هەموو لێپێچینەوەیەکیشەو نە ئێستا نە رابردووشدا رۆژنامەنووسانی ئەهلی ئامادە نەبوون ئەو کارانەی دەیکەن خۆیان لە بەرپرسیارێتیەکەی بدزنەوەو بیخنە سەر شانی خەڵکانی تر، وەک سیاسیەکان دەیکەن".

ئەمەش دەقی روونکردنەوەکەی سەرۆک کۆمار و ئێل بەگی جاف و هۆشیار عەبدوڵا پەرلەمانتاری گۆڕان و هەواڵەکەی ماڵپەڕی سپی میدیا..

  دەقی رونكردنەوەكەی بەرهەم ساڵح:
بەرچاو روونیەک بۆ چەند کەناڵێکی میدیایی

بەڕێز سەرۆک کۆماری عێراق، یەکەم دەستپێشخەری کردوە بۆ دیوانی چاودێری دارایی کە مانگانە چاودێری خەرجیەکانی سەرۆکایەتی کۆمار بکەن، ئەمەش وەک بنەمای چەسپاندنی شەفافیەت و چاولێکردنی هەموو دامودەزگاکانی دەوڵەت.

سەبارەت بە دەنگۆی تەرخانکردنی هەر مەبلەغێک بۆ فێستیڤاڵی کۆمەڵایەتی لە پارێزگای سلێمانی سەرتاپا درۆیە و ناڕاستە، پێوستبوو هەر کەس و کەناڵێک وەک هەواڵ مامەڵەی لەگەڵ ئەو بابەتە کردوە، وەک ئەرکی یاسایی بەدواداچونی بۆ ئەو ناڕاستیە بکردایە.

بەڕێز د بەرهەم ساڵح میوانداری فێستیڤاڵی ئێڵ بەگی جاف کراوەو وەک سەیرانە بەهار لەگەڵ خەڵک و هاوڵاتیان بەشداریکردوە کە زۆرینەیان کەسوکاری شەهیدو خەڵکی تێکۆشەرن و کەسایەتی کۆمەڵایەتی بەڕێز و دیارن. 
نووسینگەی رۆژنامەوانی  سەرۆک کۆماری عیراق
 
ده‌قی روونكردنه‌وه‌کەی سەنتەری روناکبیری ئیلبەگی جافەوە
ئەمرۆ هوشیار عەبدولای پەرلەمانتاری گۆڕان لەپەرلەمانی عێراق درۆنامەیەکی بلاوکردۆتەوە گوایە بەریز دکتۆر بەرهەم سالەح سەرۆک کۆماری  عێراق بڕی دوسەد ملێۆن دیناری تەرخانکردووە بۆ سازدانی دەیەمین ڤیستیڤاڵی ساڵانەی سەنتەری روناکبیری ئێلبەگی جاف کە ئەمرۆ لەگوندی باخان بەئامادە بونی دەیان هەزار کەس بەریوە چو،،ئیمە بەوپەری ئەمانەت وراستگۆییەوە بە رای گشتی میللەتەکەمان رایدەگەیەنین کە ئەو قسانە هیچ بنەمایەکی نیەوتەنهاچەواشەکاری وگەزافی بێ بنەمان،بەداخەوەین کە چەند سایت وپەیجێکیش بۆ مە رامی تایبەتی و راوکردنی ماسی لەئاوی لێڵدا وەک ئەوەی هەنگوینیان لە کلۆرە داردا دۆزیبێتەوە بێ گوێدانە یاساو بەبێ هیچ وردبونەوەو بەدواداچونێکی یاسای و رۆژنامەوانی بون بە بەشێک لەو هەلمەتە نارەواوچەواشەکارییە،ئیمە هەرچەندە لەبەردەم کەناڵەکانی میدیاو سەرجەم ئامادەبوانی  بەریزی ڤیستیڤاڵدا  لە وتاری کردنەوەی ڤیستیڤاڵەکە وسەرجەم هۆیەکانی راگەیاندنی ڤستیڤاڵەکە  بە ئاشکرا رامانگەیاند کە سپۆنسەری ئەم ڤیسیڤاڵەی ئەمساڵمان کورەجافیکی دلسۆزی ئەم نیشتیمانەیە، هاوکات لەبەر ئەوەی وشیار عبداللە راگەیاندکاربووە و ئەندامی دامەزراوەیەکی یاسادانانی عێراقە نەدەبوو بەبێ بەڵگە قسە ولێدوان بدات یان وادیارە کاک وشیار تائێستا نەیوانیوە لەگەڵ ئەرکەکەیدا  کە پەرلەمانتاریە خۆی بسازێنێ و یاساییانە قسەبکات وەک هەرزەکارێک لەکۆڵانەکانی فەیسبوکدا مامەڵەدەکات ،بۆیە  بەمافی خۆمانی دەزانین بۆ ریگە گرتن لە درۆ وچاوبەست وچەواشەکاری وبۆئەوەی وشیارعبداللە بزانێت لە کوێدایە وئەرکەکەی چیە ویاساییانە قسەبکات  وبۆ ئەوەی فێربێت  تەشهیرو ناوزراندن ئەرکی پەرلەمانتار نیە ناچارین ریکاری یاسایی بەرانبەر ئەو و  هەموئەوانە بگرینە بەر کە ئەوتۆمەتە بێ بنەمایانەیان بۆ بەلارێدا بردنی رای گشتی پەخش کردوە،بۆیە باهەر لەئیستەوە بەڵگەکانیان بۆ بەردەم دادگاو رۆژی دادگایی کردنیان ئامادەبکەن ،ئەگەر نا ئەوە 
ئێمە و ئەوان و حوکمی دادگا ودادوەری.
سەنتەری روناکبیری ئیل بەگی جاف.

دەقی روونکردنەوەکەی هۆشیار عەبدوڵا پەرلەمانتاری گۆڕان
رونکردنەوەیەکی پێویست
بەرێزان لە سەنتەری ئێل بەگی جاف لەسەر تویتێکی بەندە رونکردنەوەیەکی هێرش ئامیزیان نوسیوەو دەڵێن سکاڵای لەسەر تۆمار دەکەین.
هەواڵی بەخشینی بڕی دوسەد ملێۆن دینار رۆژی پێنج (شەممە ۲٥ی ٤ ی ۲٠۱۹ )لە سەعات (پێنج و چل خولەکی)عەسرەوە لە سایتی سپیی میدیا بڵاوکراوەتەوە و ئێمە رۆژێک دوای بڵاوبونەوەی ئەم هەواڵە تویتێکی رەخنەئامیزمان ئاراستەی سەرکۆمار کردوە.
چاوەرێبوین سەرکۆمار یا هەر لایەنێکی تر سەرەتا وەڵامی ئەو دەزگا ئیعلامیەیان بدایەتەوە راستی و دروستیان پەسەند یا رەتبکردایەتەوە ، نەک بە نەفەسێکی سیاسیی روت پەلاماری ئێمە بدەن.
بێگومان زۆر خۆشحال دەبین کۆی ئەم (مەلەفە) بچێتە دادگا ، وەعد بێت بێ هەڵگرتنی حەصانە ئامادەی هەمو لێکۆڵینەوە و دانیشتنێکی دادگا بین.
لەگەڵ رێزدا
هۆشیار عەبدوڵا
ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق
بەغداد

هەواڵەکەی سپی میدیا..
سەرۆک کۆمار نزیکەی 200 ملیۆن دینار بۆ فێستیڤاڵی ئێل بەگی جاف تەرخان دەکات
کەم بەهاری هەرێمی کوردستان هەیە بەبێ فێستیڤاڵی ناوچەیەک یان گوندێک تێپەڕێت ئەم بەهارەش فێستیڤاڵی ئێل بەگی جاف کە سەرۆک کۆماری عێراق نزیکەی 200 ملیۆن دیناری بۆ تەرخان کردووە لە گوندی باخانی قەرەداغ بەڕێوەدەچێت.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لە یەکێتی نیشتیمانی کوردستان بە "سپی" ڕاگەیاند "لە فێستیڤاڵەکەدا بەرپرسانی باڵای یەکێتی کە هەندێکیان جافن بەشدار دەبن".

ئەو سەرچاوەیە کە نەیویست ناوی ئاشکرابکرێت وتیشی "د.بەرهەم ساڵح، سەرۆک کۆماری عێراق  لە بودجەی سەرۆکایەتی کۆمار نزیکەی بڕی 200 ملیۆن دیناری بۆ فێستیڤاڵەکە تەرخانکردووە".

وتیشی "کەسانی دەستڕۆیشتوی یەکێتی کە لە عەشرەتی جافن لە ڕابردوودا ڕۆڵیان هەبووە لە وەرگرتنی پۆستی سەرۆک کۆمار لەلایەن د. بەرهەمەوە".

زۆربەی ئەو فێستیڤاڵانەی لە قەرەداغ بەڕێوەدەچن، فێستیڤاڵی عەشیرەتەكانی سەر بە ئێل بەگی جافن. حیزبەكان بە تایبەتی پارتی و یەكێتی كە زۆرجار كێبڕكێیانە لەسەر كردنەوەی دیوەخان بۆ سەرۆك عەشیرەتەكان و تەكیە و خانەقا بۆ شێخەكان، هانی ئەو جۆرە فێستیڤاڵانە دەدەن، بە تایبەتیش بۆ ئێلی جاف كە دەوترێ‌ لە 54 عەشیرەت پێكدێن. زۆر لە بەرپرسانی پارتی و یەكێتی لە ریزی پێشەوەی ئەو فێستیڤاڵانە دەبینرێن.



PM:11:34:26/04/2019