توندوتیژییەکانی ڤیستیڤاڵی ئاشتەوایی جاف بەردەوامی هەیە و دوو خانوو سوتێنران

شەوی رابردوو  کەسوکاری ئەو گەنجەی دوێنێ لە ڤیستیڤاڵی ئاشتەوایی و پێکەوەژیانی ئێل بەگی جاف لە قەرەداغ کوژرا هەڵیان کوتایە سەر کەسوکاری تۆمەتبارەکەو دوو خانویان سوتاند.

سەروەر ئەحمەد، بەڕێوەبەری ناحیەی شۆڕش لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، شەوی ڕابردوو کەسوکاری ئەو گەنجەی کە لە فێستیڤاڵی دوێنێی ئێل بەگی جاف لە نزیک گوندی باخانی قەرەداغ کوژرا، چوونە سەر دوو ماڵی کەسوکاری تۆمەتبارەکە و سوتاندوویانە.

وتیشی، روداوەکە هیچ زیانێکی گیانی بەدواوە نەبووەو لەو کاتەی کە خانوەکان سوتێنراون کەسیان تێدا نەبووە. 

بەڕێوەبەری ناحیەی شۆڕش ئاماژەی بەوەشکرد ئەو کەسانە بەنیاز بوون دوو خانووی دیکەش بسوتێنن، بەلام هێزە ئەمنییەکانی چەمچەماڵ ڕێگرییان لێکردون، 

دوێنێ هەینی ٢٧ی نیسانی ٢٠١٩ فیستیڤاڵی ئێل بەگی جاف بۆ ئاشتەوایی و پێکەوە ژیان لە قەرەداغ بەرێوەچوو، لە کاتی ئەنجامدانی فێستیڤاڵەکەشدا بەهۆی کێشەی کۆمەڵایەتییەوە گەنجێکی تەمەن ٢٠ سالان  کوژرا و دوو کەسیش برینداربوون.



PM:02:30:27/04/2019