هۆڵەندا ناردنەوەی بەزۆرەملێی پەنابەرانی ئێزدی بۆ عێراق راگەیاند

رۆژنامەیەكی ئەوروپی ئاشكرای كردوە كە دەزگای کۆچ و کۆچبەرانی هۆڵەندا دەستی کردوە بە گەڕاندنەوەی بەزۆرە ملێی پەنابەرانی ئێزیدی عێراقی، رێكخراوەكانی مافی مرۆڤیش دژی ئەو بڕیارە وەستاونەتەوە، بەرپرسی دەزگای لوتكەش رایدەگەیەنێت دژی گەڕانەوەی پەنابەرانن بەدوور لە خواستی خۆیان.

بەپێی هەواڵێكی رۆژنامەی تراوی(trouw) هۆڵەندی لە ئێستادا دەزگای كۆچ و كۆچبەرانی ئەو وڵاتە دەستی كردوە بە رێوشوێنەكانی بەزۆر نادرنەوەی پەنابەرانی ئێزدی عێراق بە هۆكاری سەقامگیربونی دۆخی ئەمنی وڵاتەكە.

دەزگای كۆچ و كۆچبەرانی هۆڵەندا راشیگەیاندوە لە ئێستادا بارودۆخی ئەو خەڵکانەی کە لە باکوری کوردستاندا لە کەمپە چادریەکان ئەژین زۆر باشە و لە مافە سەرتاییەکانی وەکو خواردنو، جلوبەرگو شوێنی نیشتەجێبون كێشەیان نیە.

هەر بەپێی رۆژنامەكە لە ئێستادا لایەنە پەیوەندیدارەکانی مافەکانی مرۆڤ و پەنابەران لە هۆڵەندا دژی ئەو بریارەن و بە پێ وتەی چەن پارێزەرێکی بەناوبانگی پەنابەران و بە پێی یاسای كۆچ و كۆچبەرانی ئەو وڵاتە، ئەم کارە ڕێ پێدراو نییە و دژی مافەکانی مرۆڤە.

لەبارەی گۆڕی بڕیارەكانی مافی پەنابەران، كۆچ و كۆچبەرانی هۆڵەندا رایگەیاندوە كە هیچ گۆرانکارییەکیان لە بریارەکان و شێوازی کاركردنیان ئەنجامنەداوە، بەڵام دەبێت هەركاتێك ئارامی و سەقامگیری گەڕایەوە بۆ ئەو وڵاتانەی پەنابەرانی لێوە هاتون، پەنابەران بگەڕێنەوە وڵاتەكانیان.

لای خۆیەوە ئاری جەلال سەرۆکی دەزگای لوتكە بۆ كاروباری پەنابەران راگەیاند: لە ئێستادا دژی ئەو بڕیارەی كۆچ و كۆچبەرانی هۆڵەندا چەندین پارتی سیاسی گەورەی هۆڵەندا وێڕای شەرمەزاركردنی بڕیارەكە داواشیانكردوە هەرچی زووە دەست لە بریارەكە هەڵبگیرێت و رونکردنەوە بدات.

ئاری جەلال دەڵێت،”ئەو كارە ئیدانە دەكەین و بڕیارەكەی كۆچ و كۆچبەرانی هۆڵەندا بە توندی رەتدەکەنەوە و پێمانوایە هێشتا دۆخی عێراق بە جۆرێكە كە پێویستە گەڕانەوەی ئەو پەنابەرانە بە خواستی خۆیان بێت نەك زۆرە ملێ”.

سەرۆکی دەزگای لوتكە وتیشی: بەپێی زانیاریەكانی بەرپرسی ناوەندی هەواڵگری ئەوروپای دەزگای لوتکە لە ئێستادا رێكخراوەكانی تایبەت بە مافی مرۆڤ لەو وڵاتە رایانگەیاندوە كە هیچ گرەنتیەك نیە بۆ ژیانی ئەو پەنابەرانە و تەنانەت ئەو پەنابەرانەی لە هەرێمی كوردستانیشن لە بارودۆخێكی نەگونجاودا ژیان دەگوزەرێنن، راشیانوابوە كە لەكاركەوتنی چالاكیەكانی داعش بەو مانایە نیە كە ئەو رێكخراوە كۆتایی هاتبێت.

هەروەها ئەو رێكخراوانە رایانگەیاندوە كە داعش هەرکات بیەوێت ئەتوانێت ژیانی ئەو خەڵکە لە ناو ببات و ئەم کارەش پەیوەندی هەیە بە ژیان و چارەنوسی ئەو خەڵکەی کە دەگەرێندرێنەوە وڵاتەكەیان، لەبەرامبەریشدا دەزگای كۆچ و كۆچبەرانی هۆڵەندا وتویەتی كە بۆمان هەیە بە پێی یاسا ئەو کەسانە بگەرێنینەوە کە لە کاتی خۆیدا بە هۆی شەڕو نائارامی وڵاتی خۆیان جێهێشتوە، یان دەتوانین بیانگەڕێنینەوە بۆ ئەو ناوچانەی لە شارەکانیانەوە نزیكن.

ئاری جەلال وتیشی،”ناکرێت ئەو پەنابەرانە بە دور لەخواستی خۆیان بگەڕێندرێنەوە ئەوانە قوربانی دەستی جەنگ و کاولکاریەکانی ماوەی چەند ساڵی ڕابردون کە زۆرترین قوربانیانداوە و ناوچەکانیان هێشتا شوێنی کاولکاری و جەنگی پێوە دیارە، ناشکرێت ڕەوانەی هەرێمی کوردستان بکرێنەوە لەبەر ئەوەی هەرێمی کوردستان لە ئێستادا سەدان هەزار ئاوارە و پەنابەری لەخۆگرتوە”.هەروەها ووتیشی نوێنەران و بەرپرسی دەزگای لوتکەشمان لە ئەوروپا ئاگادار کردۆتەوە بە هاوکاری ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و ڕێکخراوە پەنابەریەکان دژ بەم کارە بوەستنەوە.



PM:11:14:28/04/2019