جێگری پارێزگاری هەڵەبجە: بەرپرسان دەچن بۆ فێستیڤاڵ بەڵام کاتیان نییە بۆ یادی هەڵەبجە

جێگری پارێزگاری هەڵەبجە ڕەخنە لە بەرپرسان دەرێت و رایگەیاند، بەرپرسەکان بۆ فێستیڤاڵەکان لە کەیف و خۆشیدان، بەڵام بۆ هەڵەبجە لەوپەڕی بێ مەجالیدان.

كاوە عەلی جێگری پارێزگاری هەڵەبجە لە لاپەرەی تایبەتی خۆی لە فەیسبووک رایگەیاندوە، "چوار ساڵە بۆ یادی ١٦ی ئازار بەرپرسە باڵاکان شەرم دەکەن ئامادەبن، بەڵام لە لایەکی ترەوە ئەبینم لە فیستیڤاڵەکاندا لە ئاستی هەرەباڵا لەولا و لەملا ئامادەییان زۆر بەگرنگیەوە باس دەکەن و جمەیان دێت لەوپەڕی کەیف و خۆشیدان، بەڵام بۆ هەڵەبجە لەوپەڕی بێ مەجالیدان".

ئاماژە بەوەشدەکات، ئێستاش هەندێک لە نوسراو و سایتەکانی وەزارەتەکانی حکومەتی هەرێم بەلایانەوە تەنها سێ پارێزگا لە هەرێمی کوردستان هەیە، کاتێک گلەیی و گازندە دەکەن دەیگەڕێننەوە بۆ کێشەی چاپ و ئەپدەیت نەکردنی سایتەکانیان.

جێگری پارێزگاری هەڵەبجە باس لەوەشدەکات، هەندێک لە ڕێکخراوە جیهانیەکان بودجە بۆ پرۆژەکان دابین دەکەن بەڵام حکومەتی ھەرێم بە بیانووی مەرکەزی دابەشکردنی بەسەر پارێزگاکاندا زۆر جار ئەو پارێزگایە بێبەش دەکەن و ڕێکخراوەکانیان وا تێگەیاندووە کە هەرێمی کوردستان سێ پارێزگایە، کاتێک بەدواداچوون لەگەڵ ڕێکخراوەکاندا دەکەن وەڵامی هەندێکیان ڕوونە کە ئەنجومەنی وەزیران تاوانبارە.

ئەو وتانەی ناوبراو دوای ئەوەدێت ڕۆژی هەینی ٢٦ی نیسانی ٢٠١٩ لە ناوچەی قەرەداغ بە ئامادەبونی ژمارەیەکی زۆر لە هاوڵاتییان و بەرپرسانی حزبی و حکومی فیستیڤاڵی ئێل بەگی جاف بۆ ئاشتەوایی و پێکەوە ژیان بەرێوەچوو و لە فیستیڤاڵەکەدا کەسێک کوژرا و دوو کەسیش برینداربوون.


PM:07:27:29/04/2019