ئەمەریكا یەكەم هەنگاوی سەربازی دژی ئێران گرتەبەر

ئەمەریكا لە یەكەم هەنگاوی سەربازی دژی ئێران كەشتییەكی فڕۆكە هەڵگر و هێزێكی تایبەتی تۆپهاوێژ بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەنێرێت.

جۆن بۆڵتن، راوێژكاری ئاسایشی نەتەوەیی ئەمەریكا لە راگەیەندراوێكدا ئاماژەی بۆ ئەوەكرد "لە وەڵامی چەند ئاماژە و ئاگاداركردنەوەیەك، ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا كەشتی فڕۆكە هەڵگری ئەبرەهەم لینكن و هێزی تۆپهاوێژ دەنێرێتە ناوچەی ناوەندی فەرمانی ئەمەریكا".

لە راگەیەندراوەكە جەخت لەوەكراوەتەوە "ئەمەریكا بە دوای جەنگەوە نییە لەگەڵ ئێران، بەڵام ئێمە بە تەواوی ئامادەین بۆ وەڵامی هەر هێرشێك كە لەلایەن هاوئاوازەكانی ئێران، یاخود سوپای پاسداران و هێزەكانی دیكەی ئێران بكرێتە سەرمان".

لە دواین فشاری بۆ سەر ئێران، ئەمەریكا هەناردە و هاوردەی یۆرانیۆمی ئێرانی قەدەغەكرد و تا دێت ناكۆكییەكان زیاتر دەبن، لە لایەكی دیكەشەوە، جەنگی غەزە لە نێوان میلیشیاكانی فەڵەستین و سوپای ئیسرائیل گرژی زۆری بەخۆیەوە بینیوە و كاریگەری لەسەر جوڵە سەربازییەكانی ئەمەریكا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دروست كردووە.

كەشتی فڕۆكە هەڵگری ئەبرەهەم لینكن 333 مەتر درێژە و توانای هەڵگرتنی 90 فڕۆكەی جەنگی و هێلیكۆپتەری هەیە.



PM:12:36:06/05/2019