دەمیرتاش: دەنگدەرانی كورد ئازادن كام پارت هەڵدەبژێرن

سەڵاحەدین دەمیرتاش رایدەگەیەنێت، بۆ ھەڵبژاردنی شارەوانی ئیستانبوڵ دەنگدەرانی كورد ئازادن، كام پارت هەڵدەبژێرن، دەشڵێت "پێویستە دەستپێكردنی دیدار لەگەڵ ئۆجەلان نەكرێتە بازاڕی ھەڵبژاردنەكان".

سەڵاحەدین دەمیرتاش، ھاوسەرۆكی پێشووی پارتی دیموكراتی گەلان "ھەدەپە" لە زیندانەوە لە رێگەی پارێزەرەكانیەوە وەڵامی پرسیاری رۆژنامەنووسانی داوەتەوە و رایگەیاندووە "خۆشحاڵم بە كۆتاییھاتنی چالاكییەكانی مانگرتن لەخواردن، ئەگەر دەرفەت بدرێتە ئۆجەلان، رێگەی ئاشتی و دیموكراسیش زووتر دەبێتەوە".

دەمیرتاش دەڵێت "بۆ ھەڵبژاردنی شارەوانی ئیستانبوڵ دەنگدەرانی كورد ئازادن، كام پارت داخوازییە نەتەوەیی و كولتوورییەكانی كورد بەدیبھێنێت، دەنگی پێدەدەن".

لە 31ی ئازاری 2019، ھەڵبژاردنی شارەوانییەكانی توركیا بەڕێوەچوو، بەھۆی تانەی ئاكەپە لە ئەنجامەكان، بڕیارە 23ی حوزەیرانی ئەمساڵ جارێكی دیكە پرۆسەی دەنگدان بۆ ھەڵبژاردنی سەرۆكی شارەوانی ئیستانبوڵ دووبارە دەكرێتەوە.


PM:01:43:27/05/2019