سەرۆکێک لە دەرەوەی پەرلەمان


مەراسیمی سوێندخواردنی نێچیرڤان بارزانی وەک سەرۆکی هەرێم لەدەرەوەی پەرلەمان، لە هۆڵی سەعد عەبدوڵا ئەنجام دەدرێت، ئەمە یەکەم هەنگاوی سەرۆکی نوێی هەرێمە کە لە دەرەوەی بینای پەرلەمان مەراسیمەکەی بۆ ئەنجام دەدرێت، ئەو کە زیاتر لە ١٥ ساڵ  سەرۆکی حکومەتیش بووە کەمترین کات هاتۆتە پەرلەمان، نێچیرڤان بارزانی نە لەناو پەرلەماندا سوێند دەخوات، نە پەرلەمانیش دەسەڵاتی لێپرسینەوە لەو هەیە، ئەو وا ناوزەد دەکرێت" سەرۆکێکە لەدەرەوەی پەرلەمان".

پەرلەمانتارانی لیستە جیاجیاکانی کوردستان لەسەر ئەم هەنگاوەی سەرۆکایەتی پەرلەمان و نێچیرڤان بارزانی رای جیاوازیان هەیە، هەندێکیان وا راڤەی دەکەن، کە ئەمە بۆ کەمکردنەوەی هەیبەت و حورمەتی پەرلەمانی کوردستانە، هەندێکی تریان پێیانوایە ئەمە کارێکی یاساییەو پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمان رێگا بەم هەنگاوە دەدات.

د. ڤالا فەرید ئیبراهیم سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان وێڕای ئاگادارکردنەوەی سەرجەم ئەندامانی پەرلەمانی بۆ ئامادەبوون لەدانیشتنی ژمارە ٧ی ئاسایی لە رۆژی سوێندخواردنی سەرۆکی هەڵبژێردراوی هەرێمی کوردستان هۆکاری بردنە دەرەوەی مەراسیمەکەی بۆ نەبوونی شوێنی پێویست لەتەلاری پەرلەمان گەراندەوەو، ئاماژەی بەوەکرد، کە "دەستەی سەرۆكایەتیی پەرلەمان بریاری دا ئەم دانیشتنه لەهۆڵی (سەعد عەبدوڵڵا) لەشاری هەولێری پایتەختی هەرێمی كوردستان بێت".

هیڤیدار ئەحمەد پەرلەمانتاری پارتی لە پەرلەمانی کوردستان وتی، هۆڵی کۆبونەوەی پەرلەمانی کوردستان تەنیا بەشی ئەندامانی پەرلەماندەکات و، بەشی میوانان ناکات مەراسیمەکەش لەبەر ئەوەی گەورەیەوەو میوانێکی زۆری ناوخۆ و دەرەوەش بەشداردەبن، هەروەها بەپێی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانیش رێگە پێدراوە کۆبونەوەکە لە ناو هەولێرو  لە شوێنێکی دیکە بەڕێوەبچێت.

لە مەراسیمی سوێندخواردنی سەرۆکی هەڵبژێردراوی هەرێمی کوردستان بەشێک لە فراکسیۆنەکان تا ئێستا بڕیاری یەکلا کەرەوەیان نەداوە کە بەشداری لە مەراسیمەکە بکەن یاخود نا، یەکێتی  ئەمڕۆ بڕیاری بەشداریکردن دەدات، یەکگرتووی ئیسلامیش هاوشێوەی یەکێتی لە بەیانێکدا بڕیاری کۆتایی لەبارەی بەشداریکردن لەو مەراسیمە بۆ رای گشی دەخاتەڕوو.

ئەبوبەکر هەڵەدنی پەرلەمانتاری یەکگرتوو لە پەرلەمانی کوردستان بە سپی وت" ئەمڕۆ دوا بڕیار دەدەین لەسەر بەشداریکردن یان نەکردنی فراکسیۆنی یەگرتوو لە مەراسیمی سوێندخواردنی سەرۆکی هەرێم".

هەڵەدنی پێیوایە بردنە دەرەوەی سوێندخواردنی سەرۆکی هەرێم بۆ دەرەوەی هۆڵی پەرلەمان بۆ کەمکردنەوەی شکۆی پەرلەمانە بەسەر دامەزراوەی جێبەجێکردندا و بەباشی زانی، کە دەبوو سەرۆکی هەرێم سوێندخواردنەکەی لە ناو هۆڵی پەرلەمان بکردایەو دواتر مەراسیمەکەی بۆ جێگایەکی دیکە بگواستایەتەوە.

عەلی حەمە ساڵح پەرلەمانتاری گۆڕان لە پەرلەمانی کوردستان بردنەدەرەوەی مەراسیمی سوێندخواردنی سەرۆکی هەرێمی بە کارێکی ئاسایی ناوبرد و هۆکارەکەی بۆ ئەوە گەڕاندەوە کە بەپێی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمان رێگە پێدراوە، هەردانیشتنێک یاخود کۆبونەوەیەکی پەرلەمان لە دەرەوەی هۆڵی پەرلەمان ئەنجامبدرێت.

سەبارەت بە بەشداریکردنیان لە مەراسیمەکەدا وتی،" تا ئێستا رێککەوتنی پارتی و گۆران وەک خۆیەتی، هیچ بڕیارێکی نوێمان لەلایەن جڤاتەوە بۆ نەهاتووە".

هەرچی فراکسیۆنی نەوەی نوێیە لە پەرلەمانی کوردستان بڕیاریانداوە کە بەشداری لە مەراسیمی سوێندخواردنی نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەڵبژێردراوی هەرێمی کوردستان نەکەن.

دیاری جەلال ئەندامی پەرلەمانی کوردستان لە فراکسیۆنی نەوەی نوێ رایگەیاند " ئێمە بەشداری ناکەین لە مەراسیمی سوێندخواردنی سەرۆکی هەرێمی کوردستاندا، چونکە پێشتر بایکۆتی دەنگدانی پرۆژە یاساکەمان کردووە هەروەها بایکۆتی دەنگدانیشمان کردووە لە هەڵبژاردنی سەرۆکی هەرێم و دەنگیشمان بە هیچ کام لە کاندیدەکان نەداوە بۆ سەرۆکی هەرێم".

ئەو پێیوایە، بردنە دەرەوەی مەراسیمەکە بۆ دەرەوەی هۆڵی پەرلەمان بۆ کەمکردنەوەی هەیبەت و حورمەتی پەرلەمانی کوردستانە، سەرۆکێک ئەگەر لەکاتی سوێندخواردن و  متمانە بەخشین ئامادەنەبێت لە پەرلەمانی کوردستان، ئەمە لێدانە لە پرۆسەی دیموکراسی و هێزی  پەرلەرلەمانی کوردستان.

ئەو پەرلەمانتارەی نەوەی نوێ پێشی وایە ئەگەر سەرۆکی هەرێم بۆ دەنگدان و سوێند خواردن ئامادە نەبێت بۆ لێپرسینەوەش ئامادە نابێت، لەو پرۆژە یاسایەش کە دانراوە پەرلەمان توانای لێپرسینەوەی لەسەرۆکی هەرێم نابێت.

ئا: دەرون رەشید




ئه‌م بابه‌ته ‌3610 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

AM:10:20:09/06/2019