لەبارەی بۆردومانی فڕۆکە جەنگیەکانی تورکیاوە کە بووە هۆی شەهید و برینداربوونی ژمارەیەک هاوڵاتی نەوەی نوێ ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و داوا لە لایەنەکانی ململانێی چەکداری لە تورکیا و ناوچەکە دەکات کە کۆتایی بە شەڕ بهێنن.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا کە وێنەیەکی بۆ "سپی" نێردراوە هاتووە "داوا لە حکومەت و وەزارەتی دەرەوەی عێراق دەکەین پەیامی ناڕەزایەتی بگەیەنن بە کۆماری تورکیا تا کۆتایی بە بۆردومانی ناوچە سنوریەکان بھێنێت".
دەقی ڕاگەیەدراوەکە:
سەبارەت بە بۆردومانی فڕۆکە جەنگیەکانی تورکیا
دوێنێ ٢٧ ی حوزەیرانی ٢٠١٩، لە میانەی بۆردومانی فڕۆکە جەنگیەکانی کۆماری تورکیا، لە ناوچە سنوریەکانی ناو کوردستانی عێراق، چەند کەسێکی مەدەنی شەھید و بریندار بوون. ئێمە وێڕای ئیدانەی ئەو بۆردومانە و داواکاری لە خوای گەورە بۆ بەخشینی بەھەشت بە شەھیدەکان و چاکبوونەوەی بریندارەکان، داوا لە حکومەت و وەزارەتی دەرەوەی عێراق دەکەین پەیامی ناڕەزایەتی بگەیەنن بە کۆماری تورکیا تا کۆتایی بە بۆردومانی ناوچە سنوریەکان بھێنێت.
ھەروەھا لەم بۆنەیەدا، داوا لە لایەنەکانی ململانێی چەکداری لە تورکیا و ناوچەکە دەکەین کە کۆتایی بە شەڕ و خوێنڕشتن بھێنن و دەستبکەن بە گفتوگۆ بۆ پێشخستنی چارەسەری ئاشتیانە.
فراکسیۆنی نەوەی نوێ لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق
٢٨ ی حوزەیرانی ٢٠١٩