بەرێوەبەرایەتی هاتووچۆی سلێمانی ئاگاداریەك ئاڕاستەی چێشتخانە و ماركێت و پێشانگاكان دەكات و دەڵێت "لەماوەی یەك هەفتەدا سەرجەم ئەو تابلۆ و ستونانە لابەرن".
دەقی ئاگادارییەكە:
ئاگادارییەك لە هاتووچۆی سلێمانییەوە بۆ چێشتخانەو ماركێتو پێشانگاكان
وەك تێبینی دەكرێت كە ژمارەیەك لەچێشتخانە و میوانخانە و ماركێت و پێشانگاكانی شاری سلێمانی بەشێكی سەر شەقامەكانی بەردەم خۆیان قۆرخ كردووە بۆ خۆیان و ئەو ئۆتۆمبێلانەی كە سەردانی ئەو شوێنانە دەكەن، بۆیە هاتووچۆی پارێزگای سلێمانی ئاگاداری گشت لایەك دەكاتەوە كە شەقامەكان موڵكی گشتین و تایبەت نین بە هیچ كەس و شوێنێكەوە، هەر شەقامێك ڕاگرتنی ئۆتۆمبێل تێیدا قەدەغەبێت ئەوا بۆ ئۆتۆمبێلی ئەو شوێنانەش قەدەغەیە و هەر شەقامێكیش ڕاگرتنی ئۆتۆمبێل تیایدا ئازادبێت ئەوا بۆ هەمووان ئازادە، بۆیە داوا لەخاوەنی سەرجەم ئەو شوێنانەی تابلۆ و ستونی تایبەت بەخۆیان داناوە بەمەبەستی قۆرخ كردنی ئەو شەقامە بۆ ڕاگرتنی ئۆتۆمبێلی تایبەت بەخۆیان كە لەماوەی یەك هەفتەدا سەرجەم ئەو تابلۆ و ستونانە لابەرن، بەپێچەوانەوە بەڕێوەبەرایەتیمان هەموو ئەوانە لادەبات لەسەر شەقامەكان دانراون ئەویش لەبەر بەرژەوەندی گشتی و نەهێشتنی لۆ دو قەرەباڵغی لەو شوێنانەدا.