ئەو گەشتیارە کوردانەی، کە دوێنێ لە شاری ترابزۆن تورکیا بەهۆی وێنەگرتن بە ئاڵای هەرێمی کوردستانەوە کەوتبوونە بەر هێرشی نەژادپەرەستانی تورک، دواتر دەستگیرکران و سنوورداشی هەرێمی کوردستان کرانەوە.
دوێنێ گروپیک لە گەشتیارانی باشوری کوردستان، لە شاری ترابزۆنی تورکیا، کاتێک ویستیان بە ئاڵای هەرێمی کوردستانەوە وێنە بگرن، لەلایەن نەژادپەرەستە تورکەکانەوە هێرشیان کرایەسەر و لێیاندرا، نۆ لەو گەشتیارانە لەلایەن پۆلیسی تورکەوە دەستگیرکران.
لەسەر ئەو ڕووداوە پارێزگاری ترابزۆن لە ڕاگەیەندراوێکدا دەڵێت "ئێمە گەشتیارە عێراقییەکانمان دەستگیر کردووە و لێپرسینەوەی پێویستمان لەوبارەوە دەستپێکردووە".
داواکاری کۆماری ترابزۆنیش لە لێدوانێکدا لەسەر ئەو ڕووداوە دەڵێت: لەبەر ئەوەی ئاڵای کوردستانیان بەرزکردووەتەوە، دوای لێپرسینەوە، بۆ ئەوەی سنوورداش بکرێن نۆ کەسمان ڕادەستی دەزگا پەیوەندیدارەکان کردووە و هیچ هێرشبەرێکیش دەستگیر نەکراوە.
دوای دەستگیرکردن و لێپرسینەوە ئاشکرابوو، کە ئەو نۆ کەسە بە تاوانی وێنەگرتن لەگەڵ ئاڵای هەرێمی کوردستان، سنوورداش کراونەتەوە.