(سپی) زانیاری ورد لەسەر کۆبونەوەی ئەمڕۆی جڤات و هەڵوێستی حەمە تۆفیق ڕەحیم بڵاودەکاتەوە

ئەمڕۆ جڤاتی نیشتیمانی بزوتنەوەی گۆڕان کۆبونەوەیەکی گەرم و پڕکێشەو ناکۆکی ئەنجامدا و لە ئەنجامدا حەمە تۆفیق ڕەحیم دەستی لە خانەی ڕاپەڕاندن کشانەوەو وەک ئەندامێکی بزوتنەوەی گۆڕان مایەوە.

بەپێی ئەو زانیاریانەی دەست (سپی) کەوتووە، ئەمڕۆ لەکاتی گفتوگۆکردن لەسەر یەکلاییکردنەوەی پۆستەکانی جێگری سەرۆکی هەرێم و وەکیل وەزیرو بەڕێوبەری گشتی و ڕاوێژکارەکاندا بۆتە کێشەو ناکۆکی و، لە ئەنجامدا بەزۆرینەی دەنگی چل ئەندامی جڤات تەنها چوار ئەندام لەگەڵیاندا نە بوون و، ئەو ئەرکەیان بە عومەری سەید عەلی سپارد.

لەدوای ئەوەی ئەم ئەرکە دەسپێردرێت بە عومەری سەی عەلی، ڕێکخەری گستی بزوتنەوەی گۆڕان دەڵێت" من یەک کەس لە خانەی ڕاپەڕاندن دانانێم بۆ ئەو پۆستانە".

محەمەد تۆفیق ڕەحیم وەڵامی وتەکەی عومەری سەید عەلی دەداتەوەو هێرشێکی توندی " شخسی " دەکاتە سەر عومەری سەید عەلی و، دەڵێت "من لە ئێستاوە ئەندامی خانەی ڕاپەڕاندن نیم " و، هەروەها ئاماژە بەوەدەکات کە گۆڕان دەستنیشانکراوی پارتی دادەنێت بۆ پۆستەکان و جێگری سەرۆکی هەرێم". 

ئەوە لە کاتێکدایە کە جگە لە محەمەد تۆفیق رەحیم، مستەفای سەیدقادریش کاندیدی گۆڕانە بۆ پۆستی جێگری سەرۆکی هەرێم.

سەرچاوەیەکی بەرپرس بە سپی ڕاگەیاند" ئەم جڤاتە پێشتر ڕێگەیان نەدەدا کە عومەری سەید عەلی پێشوازی لە وەفدی پارتی بکات و داوایان دەکر جڤات بڕیاربدات، ئایا پێشوازی لە پارتی دەکەن، یان رەتیدەکەنەوە، بەڵام ئێستا داوا دەکەن عومەری سەید عەلی هەموو پۆستەکان یەکلای بکاتەوە".

ئەوەی جێگەی سەرنجە لەکۆی ٤٠ ئەندامی جڤاتی نیشتیمانی گۆڕان ١٩ یان خۆیان کاندیدکردووە بۆ پۆستی وەکیل وەزیرو بەڕێوەبەری گشتی و راوێژکار".

 ئەمڕۆ شەممە، لە سلێمانی کۆبونەوەی جڤاتی نیشتیمانی کرا بۆ دانانی پۆستەکانی گۆڕان لە حکومەت و لە سەرۆکایەتی هەرێم، بەڵام کۆبونەوەکە بە ناکۆکی کۆتای هات و لە ئەنجامیشدا ئەرکی یەکلایکردنەوەی پۆستەکان بە عومەری سەید عەلی ڕاسپێردرا.



PM:05:01:27/07/2019