مەراسیمی چلەی شەهید دیار غەریب سەرکردەی پەکەکە لە سلێمانی بەڕێوەچوو

بەبەشداری ژمارەیەکی بەرچاو لە هاوڵاتیان لە شاری سلێمانی، مەراسیمی چلەی ماتەمینیی شەهید، دیار غەریب بەڕێوچوو.

پاش نیوەڕۆی ئەمڕۆ ١٤ ی ئاب، چلەی ماتەمینیی شەهید دیار غەریب(هەڵمەت) ئەندامی کۆنسەی گشتی بەڕێوبەرایەتی کەجەکە، لە بەردەم ماڵی باوکی دیار غەریب لە گەڕەکی بەختیاری لە شاری سلێمانی، بەڕێوەچوو.

بەبەشداری سەدان کەس لە کەسایەتیی سیاسیی، پەرلەمانتار، هونەرمەند، ڕۆشنبیر، کەسوکاری شەهیدان، مامۆستایانی ئاینیی، نوێنەری کۆدار، پژاک، تەڤگەری ئازادیی کۆمەڵگای کوردستان، نوێنەرانی پەیەدە، خۆبەڕێوەبەریی ڕۆژئاوای کوردستان و هەدەپە و چەندین توێژی جیاوازی دیکە، مەراسیمی چلەکە بەڕێوەچوو.

سەرەتای مەراسیمەکە بە خولەکێک ڕێزگرتن لە شەهیدانی ڕێگای ڕزگاریی و داگیرساندنی مۆم لەلایەن خانەوادەی دیار غەریب و خانەوادەی شەهیدانی دیکەوە دەستیپێکرد، هەروەها لە نامیلکەیەکدا کورتەیەک لە ژیانی دیار غەریب پێشکەش بە ئامادەبووان کرا.

دواتر پەیامی خانەوادەی دیار غەریب لە لایەن د.ڕزگاری برایەوە و خوێندرایەوە و تیایدا بەڵێنی بەردەوامییدا بە ڕێبازی شەهید دیار درا و ڕایانگەیاند " ئەرکی ئێمە بە شەهیدبوونی دیار غەریب قورستر بووە و ڕێگاو ڕێبازی بەرنادەین".

هەروەها، پەیامی خانەوادەی شەهیدانی پەکەکە لەلایەن غەریب مەحەمەد-ەوە خوێندرایەوە، کە تێیدا هاتبوو" دیار غەریب لە نەبوونەوە هەبوونی خوڵقاند و ئێمە هەموومان خۆمان بە قوتابی ئەو و خانەوادەکەی دەزانین، چونکە قوتابخانەی هەموومان بوو و گەورەترین کۆسپ بوو لە بەردەم داگیرکەران، لە تۆڵی هەڤاڵ هەڵمەت تۆڵەی هەموو شەهیدان دەکەینەوە و کۆتایی بە خیانەت دەهێنین".

پاشان سەردار ستار، پەیامی کۆمیتەی ناوەندیی پەکەکەی خوێندەوە، کە تێیدا باس لە ڕۆڵ و کەسایەتی دیار غەریب کرابوو، ئەوەش هاتبوو: هەر شەهیدبوونێک زیاتر سوورمان دەکات لە پێناو خەبات کردن و بە خانەوادەی شەهید دەڵێین کە ئێوە نمونەی خێزانێکی شۆڕشگێڕن و ئەوە سەلمێندراوە کە گەلی کورد هیچ کات کۆڵ نادات، گوندی سێوسێنانی کە زێدی لە دایکبوونی هەڤاڵ هەڵمەتە و وەک ژیلەمۆی ژێر خۆڵ هەر دەگەشێتەوە، وەک چۆن خەڵکی باشور بە هەمووشێوەیەک لە هەڵوێستەکانیان بەردەوام بوون، بە ڕۆحی هەڤاڵ هەڵمەت داگیرکاری بنبڕ دەکەین و ڕێبازی شەهید هەڵمەت لەبیر ناکەین.

هەر لەو مەراسیمەدا پەیامی هەریەک لە تەڤگەری ئازادیی کۆمەڵگەی کوردستان، ژنانی شۆڕشگێڕی باشور و چەنیدن پەیامی دیکە خوێندرانەوە و مەراسیم بەردەوامیی هەیە.



ئه‌م بابه‌ته ‌1200 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

PM:07:58:14/08/2019