بەڕیوەبەرایەتی گشتی چاودێری و گەشەپێدانی كۆمەلایەتی سلێمانی لە ڕوونکردنەوەیەکدا ڕایدەگەیەنێت: بەداخەوە كەناڵەكانی ڕاگەیاندن بێ گوێدانە پڕەنسیپە یاسایی و كۆمەڵایەتیەكان، منداڵان و بەساڵاچووان و هاووڵاتیانی خاوەن پێداویستی تایبەت دەكەنە بەشێك لە وروژاندنی ڕای گشتی.
دەقی ڕوكردنەوەكە:
سەبارەت بەو زانیاریانەی لە ڕۆژی (٢٥- ٨- ٢٠١٩) لە هەردوو بەرنامەی (بەرپرسیار) و (ڕووماڵی تایبەت) لە كەناڵی ڕووداو پەخش بوون، بەڕێوەبەرایەتی گشتیمان ئەم ڕوونكردنەوەیە بۆ ڕایگشتی دەخاتە ڕوو:
١ـ هەر ئەمڕۆ بەفەرمانی بەڕێز وەزیری كارو كاروباری كۆمەڵایەتی، وەزارەتمان لیژنەیەكی لێكۆڵینەوەی پێكهێنا بۆ لێكۆڵینەوە لە ڕاستی و دروستی ئەو زانیاریانەو بەرپاكردنی دادگەری لەو بوارەدا و بەڕێوەبەرایەتی گشتیمان هاوكارو پشتیوان دەبێت لەو بوارەدا.
٢ـ ئێمە لە بەڕیوەبەرایەتی گشتی چاودێری و گەشەپێدانی كۆمەلایەتی سلێمانی لە بواری پاراستنی منداڵان و بەدەمەوەچوونی ئەو منداڵانەی خێزانەكانیان بە هەر هۆكارێك لە دەست دەدەن بە هەنگاوێكی گەورە لە پێش هەموو هاوپیشەكانمانەوەین لە پارێزگاو شارەكانی تری هەرێمی كوردستان و عێراق، ئەوەش بەهۆی ئەوەی زیاتر لە چوار ساڵە كار دەكەین بۆ ئەوەی پڕۆژەی (خێزانی جێگرەوە) سەركەوتووبێت و ببێتە جێگرەوەی ماڵەكانی منداڵان، و لە ئێستەداو پاش سەركەوتنی قۆناغی یەكەمی، پڕۆژەكە بە شێوەیەكی كارایانە كاردەكات و بووەتە فریادڕەسی منداڵ و دڵنیایی دەدات بە هەموومان لەو بوارەدا و بەشێوەیەكی كردەیی منداڵانی لە ماڵەكانەوە گواستوەتەوە بۆ خێزانە جێگرەوەكان، كە ئەوە سەركەوتنە بۆ حكومەت و وەزارەتی كارو كاروباری كۆمەڵایەتی بە ئاستێك لە ماوەی سێ ساڵی ئایندەدا لە سنوری پارێزگای سلێمانی پێویستی بە ماڵەكانی منداڵان نامێنێت، هەر ئەمەشە وڵاتانی پێشكەوتووی جیهان لە بواری مافی منداڵان و مافی مرۆڤدا زیاتر لە پەنجا ساڵە كاری بۆ دەكەن، چونكە لە هیچ دۆخێكدا و لە هیچ وڵاتێكدا ماڵەكانی منداڵان شوێنێكی شایستە نین بۆ منداڵان.
٣ـ سەرەڕای قەیرانی دارایی و كێشەو گرفتە زۆرەكانی چوارساڵی ڕابردوو و كەمی بودجەو كەمی ستافی پسپۆڕو شارەزا، بە هاوكاری خێرخوازان، هەموو توانای خۆمان خستووەتەگەڕ بۆ ئەوەی لە ماڵەكانی منداڵان و بەساڵاچووان و ماڵی ژنانی هەڕەشەلێكراو خزمەتگوزاری لە ئاستێكی بەرزدا بێت، وێڕای بوونی هێندێك كەم و كورتی ئەوەش بەرهەمی زۆر باش و بەرچاوی هەبووە، بۆ ئەم ڕاستیەش دەرگای ماڵەكان كراوەبووە بۆ سەردان و بەدواداچوونی بەرێزان پەرلەمانتاران و ئەندامانی ئەنجومەنی پارێزگا.
٤ـ بەداخەوە كەناڵەكانی ڕاگەیاندن بە بێ گوێدانە پڕەنسیپە یاسایی و كۆمەڵایەتیەكان و پاراستنی چوارچێوە خێزانیەكان، منداڵان و بەساڵاچووان و هاووڵاتیانی خاوەن پێداویستی تایبەت دەكەنە بەشێك لە وروژاندنی ڕای گشتی بەبێ ڕەچاوكردنی مافە تایبەتی و كەسییەكانیان و بەبێ گوێدانە بەرژەوەندی گشتی و بۆچوونی كەسانی پسپۆڕو شارەزا، ئەم حاڵەتەش زۆر كێشەی بەدوای خۆیدا هێناوە.
ڕاگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتی گشتی چاودێری و گەشەپێدانی كۆمەڵایەتی لە پارێزگای سلێمانی
٢٦- ٨- ٢٠١٩