عادل عەبدولمەهدی‌ دەست لەكاركێشانەوەی‌ وەزیری‌ تەندروستی‌ ڕەتكردەوە

سەرۆكی‌ لیژنەی‌ تەندروستی‌ لە ئەنجومەنی‌ نوێنەرانی‌ عیراق ئاشكرایكرد كە سەرۆك وەزیرانی‌ عیراق دەست لەكاركێشانەوەی‌ وەزیری‌ تەندروستی‌ رەتكردووەتەوە.

قوتەیبە جبوری‌ سەرۆكی‌ لیژنەی‌ تەندروستی‌ لە ئەنجومەنی‌ نوێنەرانی‌ عیراق بە سۆمەریە نیوزی‌ ڕاگەیاند "عادل عەبدولمەهدی‌ سەرۆك وەزیران دەست لەكاركێشانەوەكەی‌ عەلا عەلوان وەزیری‌ تەندروستی‌ قبوڵ‌ نەكردووە و مۆڵەتێكی‌ كراوەی‌ پێداوە".

وتیشی‌ "ئەمە سێیەمجارە عەلا عەلوان بەهۆی‌ فشارەكانەوە دەست لەكاركێشانەوە لە پۆستەكەی‌ وەك وەزیری‌ تەندروستی‌ پێشكەش دەكات".

ئاماژەشی‌ بەوەدا كە داوایان لە سەرۆك وەزیران كردووە دەست لەكاركێشانەوەكە قبوڵ‌ نەكات، بەڵام وەزیری‌ تەندروستی‌ لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بڵاویكردووەتەوە.

قوتەیبە جبوری‌ راشیگەیاند كە دەستوەردانی‌ سیاسی‌ و بەرژوەندی‌ حزبی‌ زاڵە بەسەر حكومەتدا و دەست لە كاروبارەكانی‌ وەردەدرێت.

دوێنێ‌ یەكشەممە عەلا عەلوان وەزیری‌ تەندروستی‌ دەست لەكاركێشانەوەی‌ لە پۆستەكەی‌ پێشكەش كرد و سوپاسی‌ سێ‌ سەرۆكایەتییەكەی‌ عیراق و هەموو ئەوانەی‌ كرد كە لە كارەكانیدا پشتیوانی‌ بوون.


PM:02:10:16/09/2019