تاپۆکردنی خانووی سنوری گوندەکان دەستپێدەکات


جێگری سەرۆکی شارەوانی سلێمانی ڕایگەیاند" سەرۆکایەتی شارەوانی سلێمانی رێکارەکانی تاپۆکردنی خانووی سنوری گوندەکان دەستپێدەکات، ئەو لیژنانەی پێکھێنراون سەرەتا رەگەزی زەوییەکە دەگۆڕن کە خانووەکانی لەسەر دروستکراوە". 

ئەمڕۆ هەینی ٢٠ ی ئەیلولی ٢٠١٩ ئاکۆ عەلی، جێگری سەرۆکی شارەوانی سلێمانی ڕایدەگەیەنێت، لیژنەکان لەشارەوانییەکانی (رۆژھەڵات، رۆژئاوا، راپەڕین و تاسڵوجە) پێکهاتوون، ھەنگاوی یەکەمی لیژنەکان ئەوەیە کە ئەو زەوییانەی خانووی گوندەکانی لەسەر کراوە، لەزەوی کشتوکاڵییەوە بکات بەزەوی نیشتەجێبوون و بیخاتەسەر شارەوانی.

جێگری سەرۆکی شارەوانی ڕاشیگەیاند"دروستکردنی نەخشەی گوندەکان و فۆرم بۆ خانووەکان کارئاسانی دەبێت بۆ پرۆسەکە، بەڵام رێکاری دیکەشی پێویستە کە ئەمەش وادەکات پرۆسەکە ئاسان نەبێت، بەڵام لە دوای تەوابوون ھەنگاوەکان، فەرمانی ئەنجومەنی شارەوانی و بەڕێوەبەرایەتی نەخشەسازی دەردەچێت و لەڕۆژنامە راگەیاندنی بۆ دەکرێت و خانووەکان تاپۆدەکرێن و پێویست بەبڕیاری ئەنجومەنی وەزیران ناکات، چونکە فەرمانی ئەنجومەنی وەزیران ھەیە بۆ تاپۆکردنیان".
 


PM:04:13:20/09/2019