ئاسایشی هەولێر ئەو کەسەی دەستگیکرد کە تەقەی لە کۆمیتەی یەکێتی کردبوو

بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی هەولێر ئەو کەسەی دەستگیرکرد کە تەقەی لە کۆمیتەی چوار و پێنجی یەکێتی کرد لە هەولێر.

سەرچاوەیەکی ئەمنی ئاگادار بە سپی ڕاگەیاند ئاسایشی هەولێر توانیویەتی ئەو کەسە دەستگیر بکات کە تەقەی لە کۆمیتەی چوار و پێنجی یەکێتی کرد کە لە یەک بارەگادان لە هەولێر.

سەرچاوەکە ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد تەقەکەرەکە لەکاتی ڕووداوەکەدا مەست بووە.

هەمان سەرچاوە ئەوەی بە سپی ڕاگەیاند کە تەقەکەرەکە پارتییە و یەکێک بووە لەو کەسانەی کە یەکێتی لە کاردانەوەی ڕێگریکردن لە مەحمود سەنگاوی ڕێگەی نەداوە بچێتە هەولێر و دواتر بە سەرخۆشی لە هەولێر تەقەی لەو بارەگایە کردووە.

ئەگەرچی تا ئێستا ئاسایشی هەولێر دەستگیرکردنی ئەو کەسەی ڕانەگەیاندووە بەڵام بە وتەی سەرچاوەکە ئاسایش دەیەوێت ڕادەستی دادگای بکات.

دەستگیرکردنی ئەو کەسە لەکاتێکدایە ئەمڕۆ بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی سلێمانی ڕایگەیاند " توانرا لە ماوەی 48 سەعاتدا کەسی تەقەکەر و هاوکارەکەی دەستگیربکرێت".

ئاسایشی سلێمانی ڕاشیگەیاند تۆمەتباران دانیان بە تاوانەکەیاندا ناوە و دەست بەسەر ئەو ئۆتۆمبێلەشدا گیراوە كە كارەكەی پێ ئەنجامدراوە كە لەجۆری لاندكرۆزەری ستەیشنە، هەروەها دەستبەر ئەو چەكەشدا گیراوە كە تەقەكەی پێكراوە كە لەجۆری (هۆك)ە.

ئەوەشی رونكردوەتەوە: دوای لێكۆڵینەوە سەرەتاییەكان دەركەوتووە كەسەكان سەربەخۆ ئەو كارەیان ئەنجامداوەو لێكۆڵینەوەش لەگەڵیان بەردەوامەو بەپێی یاسا مامەڵەیان لەگەڵ دەكرێت.

PM:07:05:22/09/2019