گۆڕانکاری لەشێوازی دابەشکردنی مووچەدا دەکرێت



 بەڕێوەبەری گشتیی خانەنشینی هەرێمی كوردستان ڕایگەیاند" ئێستا حكوومەت و وەزارەتی دارایی خەریكی جێبەجێكردنی میكانزمێكن، کە سیستەمی دابەشكردنی مووچەی خانەنشینانی سەربازی و شارستانی گۆڕانكاریی بەسەردا دێت و دەكرێتە ئەلیكترۆنی".

حازم ئیسماعیل، بەڕێوەبەری گشتیی خانەنشینی هەرێمی كوردستان، ئەمڕۆ سێ شەممە ١/١٠/٢٠١٩ بە (باس)ی راگەیاند" ئێستا حكوومەت و وەزارەتی دارایی خەریكی جێبەجێكردنی میكانزمێكن، كە بەهۆیەوە گۆڕانكاری لە شێوازی دابەشكردنی مووچە دروست دەكات، کە شێوازی دابەشكردنی مووچەی خانەنشینان بە ئەلیكترۆنی دەكرێت و وەكوو ئێستا نامێنێتەوە".

هاوکات بەڕێوەبەری گشتیی خانەنشینی هەرێمی كوردستان ئەوەشی خستەڕوو: لە شەش مانگی یەكەمی ساڵی داهاتوودا، سیستەمی دابەشكردنی مووچەی خانەنشینان بە ئەلیكترۆنی دەكرێ و مووچەكە لە رێگەی كارتێكی زیرەكەوە دابەش دەكرێت، هەر خانەنەنشینێك لە هەر بانكێك بیەوێت لە هەر شارێك بێت، دەتوانێت مووچەكەی وەربگرێت، هەروەها سیستەمەکە بە جۆرێكە، كەوا بانكەكان بە ئینتەرنێت و ئەلیكترۆنی پێكەوە دەبەسترێنەوە، دواتر لە رێگەی كارتێكەوە، كە هەر كەس كۆد و زانیاریی خۆی دەبێت، مووچەكە دابەش دەكرێت.

حازم ئیسماعیل، ئاماژەی بەوەشکرد" بۆ جێبەجێكردنی ئەو رێكارە، سوودێكی زۆر لە سیستەمی تۆماری بایۆمەتریی مووچە وەردەگیرێت، چونكە زانیاریی هەموو خانەنشینانی تێدایە". 

بەپێی زانیاریەکانی وەزارەتی دارایی، لە كوردستاندا ٢٤٤ هەزار كەس مووچەی خانەنشینیی سەربازی و شارستانی وەردەگرن، كەمترین مووچەی خانەنشینی ٢٢٠ هەزار دینارە و زۆرترینی ٦ ملیۆن دینارە.  








AM:10:47:01/10/2019