خالید شوانی: بە بەغدامان راگەیاندووە ناكرێت لە ئێستادا سەرژمێری لە كەركووك ئەنجامبدرێت

خالید شوانی، وەزیری هەرێم لە حكوومەتی ھەرێمی كوردستان رایگەیاند، بۆ چارەسەركردنی كێشەی ناوچە جێناكۆكەكان لیژنە لەنێوان هەولێر و بەغدا پێكبهێندرێت و وتیشی "بە بەغدامان راگەیاندووە ناكرێت لە بارودۆخی ئێستا سەرژمێری لە كەركووك ئەنجامبدرێت".

خالید شوانی، لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند "كەركووك رووبەڕووی تەعریب كردنێكی بە پلان بووەتەوە و عەرەبی هاوردە گەڕێندراونەتەوە ئەو شارە، ھەوڵی زۆری گۆڕینی دێمۆگرافیای كەركووك دەدرێت و ھەوڵی بچووكردنەوەی پێگەی كورد لە كەركووك دەدرێت".

وتیشی "بە بەغدامان راگەیاندووە ناكرێت لە بارودۆخی ئێستا سەرژمێری لە كەركووك ئەنجامبدرێت و ئەو واقعیەی ئێستا بەسەر كەركووك بسەپێنن".

راشیگەیاند "حكوومەتی ھەرێمی كوردستان ئەم بابەتەی لەگەڵ حكوومەتی عێراق باس كردووە، بڕیارە سەر لەنوێ لیژنە دروست بكرێت بۆ چارەسنووسی یەكجارەكی چارەنووسی ناوچەی جێناكۆكەكان ماددەی 140 كارا بكرێتەوە، ئەمە پێویستە بەرنامەی بۆ دابنرێت و لە دانوستانەكان لەگەڵ عێراق بكرێتە نەخشەرێگای چارەسەركردنی كێشەی ئەو ناوچانە".

لەبارەی ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكانی عێراق وتی "وەك كورد لە كەركووك ئێستا رووبەڕووی دوو پرۆسە دەبینەوە، یەكێكیان ھەڵبژاردن، كە ھەنگاوێكی پیرۆز نراوە كە ھەموو ھێزە كوردییەكان بە لیستێكی ھاوبەش بەشداری دەكەن، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا پێویستمان بە خۆئامادەكردن و دانانی پلانە، پرۆسەیەكی دیكە سەرژمێرییە كە بڕیارە لە كەركووك ئەنجامبدرێت، ئێمە بە راشكاوی گوتومانە ناكرێت سەرژمێری لە كەركووك ئەنجامبدرێت لەكاتێكدا بیانەوێت ئەم واقیعەی ئێستا لە كەركووك ھەیە بیسەپێنن و بیكە واقیعی راستەقینەی كەركووك، چونكە ئەو دوو ساڵە پرۆسەی بە عەرەبكردنی كەركووك دەستیپێكردوەتەوە، ئەو پرۆسەیە پڕە لە مەترسیی و دەبێ بە بەرنامە مامەڵەی لەگەڵدا بكەین".
 


PM:02:11:03/10/2019