چەند ڕۆژ پشوو ڕاگەیەندرا

بەبۆنەی یادی مەڕاسیمی چلەی ئیمام حسێنەوە لە چەند پارێزگایەكی عیراق چەند ڕۆژێك كرا بە پشووی فەرمی و سەرجەم فەرمانبەران دەگرێتەوە.

ئەنجوومەنی پارێزگای كەربەلا لە ڕاگەیەنراوێكدا ئاماژەی بەوەكردووە، كە بەبۆنەی یادی چلەی ئیمام حسێنەوە چوار ڕۆژ دەبێتە پشووی فەرمی، كە لە ئێوارەی ڕۆژی یەكشەممە 13ی تشرینی یەكەم دەستی پێكردووە و تاوەكو ئێوارەی ڕۆژی پێنج شەممە 17-10-2019 بەردەوام دەبێت.

لای خۆشیەوە، ئەنجوومەنی پارێزگای نەجەف لە بەیاننامەیەكدا ڕایگەیاند، كە لەمڕۆوە دوو شەممە 14-10-2019 تاوەكو ڕۆژی پێنج شەممە دەبێتە پشووی فەرمی لە سەرجەم دامودەزگا فەرمییەكان.

هەروەها ئەنجوومەنی پارێزگای زیقار ڕایگەیاند، كە لەمڕۆوە تاوەكو پێنج شەممە دەبێتە پشووی فەرمی لە سەرجەم دامودەزگا فەرمییەكان، بۆ ئەوەی فەرمانبەران هەلی بەشداریكردنیان لەو مەڕاسیمە بۆ بڕەخسێ‌.

سەرۆكی ئەنجوومەنی پارێزگای واست-یش لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا ئاماژەی بەوەكرد، بەبۆنەی مەڕاسیمی زیارەتی چلەی ئیمام حسێنەوە لە سنووری پارێزگاكەیان تەنها ڕۆژانی چوار شەممە و پێنج شەممە دەكرێتە پشووی فەرمی بۆ فەرمانبەران.


 


PM:05:22:14/10/2019