لەسەر رووداوەکەی ئامانج بابان ‌و هاوسەرەکەی دژە تیرۆر روونکردنەوەیەک بڵاودەکاتەوە

دەزگای دژە رتیرۆری ( یەکێتی ) و لایەنە ئەمنیەکانی سلێمانی لەسەر رووداوی ئامانج بابان و هاوسەرو مناڵەکانی دەڵێن" تاوانە خۆكوژییەكەی رۆژنامەنوس ئامانج بابانی و لانە محەمەدی خێزانی و منداڵەكەیان چەندە روداوێكی ناخ هەژێنبوو بۆ هێزە ئەمنییەكانی سلێمانی، ئەوەندەش بەلارێدابردنی ئەم رووداوە بۆ لەكەداركردنی رۆڵەكانی دژە تیرۆر و سەرجەم هێزەئەمنییەكانی سلێمانی ، كارێكی قێزەونبوو".

 
لە روونکردنەوەیەکدا کە دانەیەکی دەست " سپی " کەوتووە، تیایدا هاتووە " لەم کارە قێزەونەدا، حكومەت و پەرلەمان و ژمارەیەك رۆژنامەنوس و میدیا و راگەیاندنی كوردی پێش لێكۆڵینەوە لەڕوداوەكە و دەرخستەی ئەنجامەكانی ئەم كارە خۆكوژییە، كەخۆی لە خۆیدا تاوانێكە و كەمن ئەو كەسانەی پەنای بۆدەبەن.بەڵام مەخابن ژمارەیەك بەرپرسی حكومی و پەرلەمان و دامەزراوەی میدیایی و راگەیاندنی سێبەری لایەنێكی هەرێم ، لەسەرو بەندی بڵاوبوونەوەی هەواڵەكەدا بەبێ‌ زانیاری و بەڵگە تەواوی دەزگا شەرعییەكانی ئەمنی سلێمانیان كردە ئامانج و وشەی تیرۆریان نوساند بە روداوەكەوە، هەر بەوەشەوە ئەم تۆمەتە نەوەستاو بگرە بكەری ئەو تاوانە ناخ هەژێنەشیان خستە پاڵ پارێزەرانی ئەمنی و ئاسایشی سلێمانی".


رونكردنەوەیەك بۆ ڕای گشتی


دەزگای دژە تیرۆر و لایەنە ئەمنییەكانی سلێمانی رونكردنەوەیەكی هاوبەش لەسەر كردەوە خۆكوژییەكەی ئامانج بابانی و خێزان و منداڵە بێتاوانەكەی بڵاودەكاتەوە.
دەقی رونكردنەوەكە:

 
تاوانە خۆكوژییەكەی رۆژنامەنوس ئامانج بابانی و لانە محەمەدی خێزانی و منداڵەكەیان چەندە روداوێكی ناخ هەژێنبوو بۆ هێزە ئەمنییەكانی سلێمانی، ئەوەندەش بەلارێدابردنی ئەم رووداوە بۆ لەكەداركردنی رۆڵەكانی دژە تیرۆر و سەرجەم هێزەئەمنییەكانی سلێمانی ، كارێكی قێزەونبوو، كە حكومەت و پەرلەمان و ژمارەیەك رۆژنامەنوس و میدیا و راگەیاندنی كوردی پێش لێكۆڵینەوە لەڕوداوەكە و دەرخستەی ئەنجامەكانی ئەم كارە خۆكوژییە، كەخۆی لە خۆیدا تاوانێكە و كەمن ئەو كەسانەی پەنای بۆدەبەن.

 
بەڵام مەخابن ژمارەیەك بەرپرسی حكومی و پەرلەمان و دامەزراوەی میدیایی و راگەیاندنی سێبەری لایەنێكی هەرێم ، لەسەرو بەندی بڵاوبوونەوەی هەواڵەكەدا بەبێ‌ زانیاری و بەڵگە تەواوی دەزگا شەرعییەكانی ئەمنی سلێمانیان كردە ئامانج و وشەی تیرۆریان نوساند بە روداوەكەوە، هەر بەوەشەوە ئەم تۆمەتە نەوەستاو بگرە بكەری ئەو تاوانە ناخ هەژێنەشیان خستە پاڵ پارێزەرانی ئەمنی و ئاسایشی سلێمانی.

 
دەمانەوێت لەم رونكردنەوەیەدا ئەو ڕاستییە بۆ هەموو لایەك شیبكەینەوە، كە وشەی تیرۆر وێناكردن بە روداوێكی خۆكوژی ، تروپكی نەزانی و نەشارەزایی ئەو كەس و لایەن و راگەیاندنانە نیشاندەدات، كە بێ‌ گەڕانەوە بۆ لایەنە پەیوەندیدارەكانی تایبەت بە لێكۆڵینەوە لەڕوداوەكە دەست بەجێی ژمارەیەك لێدوانی نابەرپرسانەیان لە میدیاكان و تۆڕەكۆمەڵایەتییەكان بڵاوكردەوە، ئەمەش بەمەبەستی گۆڕینی كەیسی ئامانج بابانی بۆ بابەتێكی سیاسی و كردەوەیەكی تیرۆرستی، هەر بۆیە دەڵێین: ئەم ڕەفتارە نەك ژەهرێكی كوشندەبوو، بەڵكو ئەوهەڵمەتە چەواشەكارییە لەسەر بەلارێدابردنی روداوەكە، جۆرێكبوو لەپیلان بۆ تێكدانی دۆخی ئاسایشی سلێمانی و لاواز نیشاندانی بەرپرسانی ئەمنی شارەكە.

 
بەڵام سەرەنجام پاش چەند سەعاتێك لە ڵێكۆڵینەوە سەرەتاییەكان ، بۆ هەموو لایەك رونبۆوە ، كە ئەو ڕووداوەی ئامانج بابانی و لانەمحەمەد و منداڵەكەیان، كە تێیدا گیانیان لەدەستدا، لە دورو نزیكەوە پەیوەندی بە كردەوەی تیرۆرستییەوە نییە و بابەتەكە كۆمەڵایەتییە و كردەوەكەش خۆكوژبووە، هەموو بەڵگەكانیش لەسەر روداوەكە ئەوە نیشاندەدەن، ئامانج بابانی كۆتایی بە ژیانی خێزان و منداڵەكەی پاشان خۆی هێناوە.

 
ئەوەی ماوەتەوە لەم رونكردنەوەیدا بۆ ڕای گشتی بخەینە ڕوو ،داواكارییە لەهەموو ئەو كەس و لایەن و دامەزراوە میدیایی و بەپرسە حكومییانەی، كە تۆۆمەتیان خستە پاڵ پارێزەرانی خاك و ئارامی شاری سلێمانی، لێرەوە پێیان دەڵێین : وانەیەك لەم ڕوداوە فێربن و داوای لێبوردرنیش بكەن و بە هەستی بەرپرسیارییتیشەوە لە ڕوداوەكان بڕوانن ، نەك ببنە لایەنێك بۆ تەمومژاویكردنی كۆی ئەو ڕوداوانەی ، كەلەهەموو كۆمەڵگایەكی جیهاندا رۆژانە ئەگەری رودانیان هەیە .

 
لەكۆتایشدا خوازیارین كۆمەڵگاكەمان لەم روداوە ناخ هەژێنانە دوربێت و خوای گەورەش سەبوری هەردوو بنەماڵەی كاك ئامانج و لانەخان بدات و بە سۆزی خۆشی لەم خێزانە خۆشبێت.

 
دەزگای دژە تیرۆر و لایەنە ئەمنییەكانی سلێمانی
17/10/2019




PM:07:24:17/10/2019