شیروان عەبدوڵا دوای ماوەیەک لە دەستگیرکردنی لە تورکیا ئازادکرا


هونەرمەندی میلی هەرێمی کوردستان، شیروان عەبدوڵا دوای ئەوەی ویستوویەتی لە وڵاتی ئەڵمانیاوە بێتەوە هەرێمی کوردستان بە ترەنزێت هاتووە و لە فڕۆکەخانەی سەبیحە ئۆکجەن لە تورکیا دەستبەسەرکراوە.


مەریوان عەبدوڵا، برای شیروان عەبدوڵا ڕایگەیاند" كاتژمێر١٠:٤٥ دەقیقەی بەیانی ئەمڕۆ كاك یەشار، نوێنەری كاروباری ئاوارەو پەنابەران لە توركیا پەیوەندی پێوەكردم و پێی راگەیاندنم كە پەیوەندیان لەگەڵ ئەو كەسانە كردووە كە لەئێستادا شیروان عەبدوڵایان دەستبەسەركردووە".


براکەی شیروان عەبدوڵا ئەوەشی خستەڕوو: سوپاس بۆ خوا لەئێستادا سەرجەم کێشەکانی چارەسەرکراوە و چەند کاتژمێرێک لە تورکیا دەستبەسەرکراوە، دواتر ئازادکراوە، بەڵام تا ئیستاش ئێمە نازانین هۆکاری گرتنەکەی چی بووە.

 

ئێستا شیروان عەبدولا ئازادکراوە و لە ماوەیەکی نزیکدا خۆی ڕوونکردنەوە لەو بارەیەوە دەدات و وردەکارییەکان دەخاتە ڕوو.

شیروان عەبدوڵا ساڵی ١٩٧٥ لەگەڕەكی كانی ئاسكانی شاری سلێمانی لەدایك بووە و، لەساڵی ١٩٩٥ ەوە دەستی بەكاری هونەری كردووەو، لەئێستاشدا خاوەنی چەندین گۆرانی و تێكست و ئاوازە.

 

هاوکات دوێنێ شیروان عەبدوڵا، هونەرمەندی میللی بە مەبەستی گەڕانەوە بۆ هەرێمی كوردستان لە ئەڵمانیاوە گەشتیكردووە بۆ شاری ئیستەنبوڵی توركیا، لە دوای ئەوەی فڕۆكەكەیان لە فڕۆكەخانەی "سەبیحە گۆكچەن" دەنیشێتەوە و دەستگیر دەکرێت. 





PM:12:29:25/10/2019