عەلاوی نامەیەک ئاڕاستەی بەرهەم ساڵەح دەکات


ئەمڕۆ شەممە ٢ی تشرینی دووەمی ٢٠١٩ ئەیاد عەلاوی، سەرۆک وەزیرانی پێشووی عێراق لە نامەیەکدا کە ئاراستەی بەرهەم ساڵەح، سەرۆک کۆماری کردووە و دەڵێت" لە ئێستادا ئەولەوییەت بە دوور خستنەوەی عادل عەبدولمەهدی لە پۆستەکەی نییە، بەڵکو دۆزینەوەی چارەسەرێکە بۆ ئەم دۆخەی ئێستای عێراق".


عەلاوی لە نامەکەیدا، جەخت لە سەر دانانی یاسای نوێی هەڵبژاردن و لە ناوبردنی گەندەڵی دەکاتەوە و دەشڵێت: ئەوەی ئێستا گرنگە باشترکردنی دۆخی عێراقە، نەک لادانی عادل عەبدولمەهدی لە پۆستەکەی.


ئەمەش لەکاتێکدایە کە ئەمڕۆ شەممە دەستەی نەزاهەی عێراق فەرمانی دەستگیرکردنی سەرۆک و ئەندامانی ئەنجومەنی پارێزگای دیوانیە دەرکرد، بەتۆمەتی گەندەڵی و بەکارهێنانی دەسەڵاتیان لە بەفیڕۆدانی سامانی وڵاتدا.


هاوکات دوێنێ هەینی ١ی تشرینی دووەمی ٢٠١٩ بە تۆمەتی ئەنجامدانی گەندەڵی و بەهەدەردانی پارەی گشتی، كە وەزیرێك و پێنج پەرلەمانتاری ئێستا و دوو وەزیری پێشوو لەنێویاندایە، دەستەی دەستپاكی لە عێراق، فەرمانی دەستگیركردن و لێپێچینەوەی بۆ ٦٠پەرلەمانتار و بەرپرسی ناوخۆیی وڵات دەركرد.


رۆژی هەینی ٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٩، سەدان هەزار هاووڵاتیی عێراق لە بەغدا و شارەکانی دیکەی باشووری ئەو وڵاتە، دژی گەندەڵی و کەمیی خزمەتگوزاری، خۆپیشاندانیان ئەنجام دا، وێڕاى ئەو هەنگاوانەى حکومەتى عێراق، تا ئێستا خۆپیشاندانەکانى عێراق بەردەوامییان هەیە و خۆپیشاندەران تا ئێستا وەڵامێکییان وەرنەگرتووە کە جێی ڕەزامەندییان بێت. 




PM:04:52:02/11/2019