حكومەتی‌ هەرێم قەرەبووی ئەم هاوڵاتیانە دەكاتەوە

حكومەتی‌ هەرێمی‌ كوردستان لە ڕێگەی وەزارەتی شارەوانیەوە بڕیاری‌ دا قەرەبووی ئەو هاووڵاتییانە بكاتەوە كە زەوییەكانیان بەر شەقامی 150 مەتری هەولێر كەوتووە.

وەزارەتی‌ شارەوانی‌ و گەشتوگوزاری‌ هەرێمی‌ كوردستان رایگەیاند كە "بەپێی یاسا كارپێكراوەكانی هەرێمی كوردستان قەرەبووی ئەو هاووڵاتییانە دەكرێتەوە كە زەویەكانیان دەكەوێتە بەر شەقامی 150 مەتریی هەولێر".

وەزارەتی‌ شارەوانی‌ ئاماژەی‌ بەوەشداوە كە "ئەمەش لەكاتێكدایە لەگەڵ دەستپێكردنی پڕۆژەی 150 مەتری داوا لەو هاووڵاتییانە كرابوو كە زەوییان بەر شەقامەكە كەوتووە سەردانی سەرۆكایەتیی شارەوانیی هەولێر بكەن بۆ ئەوەی حكومەت لە دۆسیەكانیان بكۆڵێتەوە كە ئەگەر كەیسەكەیان یاسایی بوو، ئەوا قەرەبوو دەكرێنەوە".

وەزارەتەكە راشیگەیاندووە كە "ئەو هاووڵاتیانەی داوای قەرەبوو دەكەن پێویستە سەردانی شارەوانیی هەولێر بكەن بۆ ئەوەی شارەوانی بزانێت ئەو كەسانەی داوای قەرەبوو دەكەن كێین یان جۆری زەوییەكەیان چییە؟ ئایا زەویی كشتوكاڵییە یاخود موڵكە و یانیش گرێبەستی كشتوكاڵییە".

جەختیشی‌ لەوە كردووەتەوە كە "ئەو هاووڵاتییانەی مافی قەرەبووكردنەوەیان هەیە، بەگوێرەی مەرج و رێنماییەكانی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار قەرەبوو دەكرێنەوە".


PM:03:08:03/11/2019