بەهۆی رێگری لە پاسەوانەکانی، ڕێواز فایەق بەشداری دیداری مێری ناکات

خ

بەھۆی ڕێگریی پاسەوانەکانی ھۆتێل ڕۆتانا لە چوونە ژوورەوەی تەواوی ئۆتۆمبێلەکانی سەرۆکی پەرلەمانی ھەرێمی کوردستان، رێواز فایەق بەشداریی لە دیداری مێریدا ناکات.

 
پێش نیوەڕۆی ئەمڕۆ سەرۆکی پەرلەمانی ھەرێمی کوردستان بۆ بەشدارییکردن لە دیدارەکە دەچێتە ھۆتێل ڕۆتانا، لەکاتی گەیشتنی بە دەروازەی ھۆتێلەکە، پاسەوانەکانی ھۆتێلەکە پێی دەڵێن کە نابێت ھەموو ئۆتۆمبێلەکانی بباتە ژوورەوە و دەبێت پاسەوانەکانیشی بەبێ چەک بچنەژوورەوە، ڕێواز فایەقیش بڕیاردەدات بگەڕێتەوە و بەشداریی لە دیدارەکەشدا نەکات.

 
ھەرچەندە دواتریش لەلایەن ڕێکخەرانی دیدارەکەوە پەیوەندیی بە سەرۆکی پەرلەمانەوە دەکرێت و داوای لێدەکەن بگەڕێتەوە و پانێلێکەی پێشکەش بکات، بەڵام د.ڕێواز فایەق داواکارییەکە ڕەت دەکاتەوە و ناگەڕێتەوە.


بڕیاربوو ئەمڕۆ ڕێواز فایەق، سەرۆکی پەرلەمانی ھەرێمی کوردستان بەشداریی لە دووەم ڕۆژی دیداری مێریدا بکات لە شاری ھەولێر و پانێلێکیش پێشکەش بکات. 
دکتۆرە ڕێواز فایەق، سەرۆکی پەرلەمانی ھەرێمی کوردستان ڕێگرییەکەی بۆ ڕۆژنیوز ڕوونکردەوە و وتی: ئەوانەی کە لەوێ ڕێگرییان کردووە سکوریتیی بوون و سەر بە کەرتی تایبەتن، وتوویانە نابێت یەکێک لە ئۆتۆمبێلەکانت بچێتە ژوورەوە، منیش گەڕاومەتەوە بۆ پەرلەمان و بەشداریی دیدارەکەم نەکردووە.


سەرۆکی پەرلەمان ھۆکاری ڕێگرییەکە دەگێڕێتەوە بۆ ئەوەی کە "ڕەنگە منیان نەناسیبێتەوە و شتێکی ئەوتۆ نەبووە" بەڵام بەوتەی خۆی تا ئێستا نە کۆمپانیا سکویریتییەکە و نە ئیدارەی ھۆتێلەکەش لەسەر ئەو ڕووداوە پۆزشیان بۆ نەھێناوەتەوە.

 


AM:12:15:07/11/2019