مەزڵووم کۆبانێ دڵنیایی دەدات لە بەردەوامی پاڵشتی هاوپەیمانان بۆ پاراستنى دەستکەوتەکانیان

ئەمڕۆ هەینی ١٥ی تشرینی دووەمی ٢٠١٩ مەزڵووم کۆبانێ، فەرماندەی گشتی هێزەکانی سووریای دیموکرات "هەسەدە" لە تیوتێکیدا ڕایگەیاند" هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دڵنیایی پێداوین  بۆ پاراستنى دەستکەوتەکانیان".

 

کۆبانێ لە تیوتەکەیدا وتیشی" هەوڵەکانی سەرۆکی ئەمریکا بەشێوەیەکی ئەرێنی کاریگەرییان لەسەر شەڕی دژی داعش و رێگەگرتن لە پاکتاوی ئیتنی ناوچەکە هەیە".

 

فەرماندەی گشتی هێزەکانی سووریای دیمووکرات "هەسەدە" دەشڵێت" هاوپەیمانان دڵنیایان کردینەوە کە دەستەکەوتەکانمان لە هێرش و هەڕەشەکانی وڵاتانی ناوچەکە دەپارێزن، هەروەها بڕیاری ئەوەیان داوە کە دەبێت سەقامگیری و ئاشتی ناوچەکە بپارێزرێت و ئاستی ئابووری ناوچەکەش بەرز دەکەنەوە". 

 

ئەمەش لە کاتێکدایە کە دوێنێ پێنجشەممە، 14ی تشرینی دووەمی 2019، شاندێکی باڵای هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لەگەڵ هەسەدە، سەبارەت بە هێرشەکانی تورکیا و هەڕەشەی شانە نوستوەکانی داعش لە سوریا کۆبوونەوە.

 

هاوکات هەر دوێنێ  مایك پۆمپیۆ، وەزیری ئەمریکا  لە كۆبوونەوەیەكی وەزیرانی دەرەوەی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژ بە داعش ڕایگەیاند" واشنتن لە سەركردایەتیكردنی هاوپەیمانیەتییەكە بەردەوام دەبێت بەمەبەستی رێگرتن لە داعش لە دروستكردنەوەی شوێن پێ لە ئەفریقیا، هەروەها لە پاراستنی كێڵگە نەوتییەكان لە سووریا و رێگرتن لە داعش لە كۆنترۆڵكردنیان".

 

پۆمپیۆ دووپاتی كردەوە كە وڵاتەكەی یارمەتی عێراق دەدات بۆ گەڕانەوەی زیاتر لە چوار ملیۆن ئاوارە بۆ شوێنی خۆیان، هەروەها داوای لە وڵاتانی ئەندام لەو هاوپەیمانیەتییە كرد بۆ زیادكردنی پاڵپشتیان بۆ بنیاتنانەوەی ژێرخانی عێراق و رۆژهەڵاتی فورات لە سووریا. جیا لەوە داوای لەو وڵاتانە كرد بۆ وەرگرتنەوەی گیراوانی داعش كە رەگەزنامەی ئەوانیان هەیە.


 


PM:09:33:15/11/2019