"تا ئیستا بەغداو هەرێم نە گەیشتوونەتە رێککەوتنی کۆتایی"
سپی ناوەرۆکی کۆبوونەوەکە بڵاودەکاتەوە

کۆبوونەوەی ئەمڕۆی وەفدی هەرێم و بەرپرسانی بەغدا ئەمرۆش نەگەیشتنە هیچ رێککەوتنێک، هەرچەندە نیەتی باش لە هەردوولاوە بەدیدەکرێت، لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆدا وەفدی هەرێم و بەغدا چوونەتە نێو وردەکاریەکانی پرسی نەوت و بودجەوە".

 

بەپێی ئەو زانیاریانەی دەست " سپی " کەتووە کۆبوونەوەی ئەمڕۆ زیاتر بۆ خستنەرووی تێڕوانینی هەردوولا بووە لە بواری پرسی نەوت و خۆئامادەکردن بۆ بوودجەی ساڵی ٢٠٢٠و تا ئێستا هێچ رێککەوتنێک نەکراوەو جێهێڵڕاوە بۆ هەفتەی داهاتوو کە پێدەچێت دوا مۆڵەتی حکومەتی بەغدا بێت کە دەبێت پرۆژە یاسای بودجەی ٢٠٢٠ بنێرێتە پەرلەمان.

 

وەفدی بەغدا زیاتر لە ٥٠ بەرپرس و پسپۆری بواری دارایی و نەوت بەهەردوو وەزیری دارایی و نەوتیشەوە، بەشداری کۆبوونەوەکەیان کردووە، هەرچی وەفدی هەرێمە ٢٥ کەس بوون، لە کۆبوونەوەکەدا د. ئامانج رەحیم پرێزنتەیشنێکی لەسەر زیاد بوونی تێچووی سیادی عێراق و کاریگەری خراپی لەسەر پشکی هەرێم لە بودجەی عێراق لە ساڵی ٢٠١٤ەوە تا ٢٠١٩ خستۆتەڕوو ، کە تاچەند تێچووی سیادی عێراق زیاد بێت، پشکی هەرێم کەم دەبێتەوە.

 

زانیارییەکان ئەوە دەخەنەڕوو، کە ئەمڕۆ لە کۆبوونەوەکەدا لایەنی عێراقی وردەکاری ژمارەکانی پرۆژە یاسای بودجەی ٢٠٢٠ خستۆتەڕوو بۆ وەفدی کوردە، ( سپی ) زانیوویەتی حکومەتی هەرێم ناتوانێت ئیدارەی مووچەی مووچەخۆرانی بدات بەبێ دەستەبەرکردنی بڕی ٩٠٠ ملیۆن دۆلار مانگانە لەلایەن حکومەتی بەغداوە.

ئەوە لە کاتێکدایە کە حکومەتی عێراق داوای داهاتە سیادیەکانی تری هەرێمیش دەکات  دەکات کە بەپێی زانیاریەکانی سپی مانگانە داهاتی گومرگەکانی هەرێم دەگاتە ١٥٠ ملیۆن دۆلار کە حکومەتی هەرێم زۆربەی پڕۆژەکانی لەم پارەیە دەبات بەڕێوە، ئەوە لە کاتێکدایە کە بەپێی یاسا عێراقییە بەرکارەکان کە لەبودجەی عێراقدا بڕیاری لەسەر دراوە، ئەو داهاتانەی گومرگ دەبێت لە ٥٠% بگەڕێتەوە بۆ بەغداو ٥٠% بگەڕێتەوە بۆ ئەو پارێزگایەی داهاتەکەی هەیە، هەرێم لە ئێستادا بەو پارەیە خەرجی پرۆژەکان دابین دەکات.

 

( سپی )، زانیوویەتی کە هەرێم هیچ رێگایەکی تری لەبەردەمدا نییە رێککەوتن لەگەڵ بەغدا نەبێت، بەپێی ئەو رێککەوتنە هەرێم ٢٥٠ هەزار بەرمیل نەوت مانگانە رادەستی بەغدا دەکات، خەرجی بەرهەمهێنانی ئەو بڕەش هەر لەسەر هەرێم دەبێت، لەو ٢٠٠ هەزار بەرمیلەی تر داهاتەکەی دادەنرێت بۆ خەرجی و قەرزەکانی کۆمپانییا بیانییەکانی بەرهەمهێنی نەوت.

 

بڕیاریشە هەفتەی داهاتوو کە دوا دەرفەت دەبێت بۆ وەفدی مفاوزی هەردوولا، جارێکی دی گفتوگۆکان درێژەپێبدەن و ئەگەر لەو کۆبوونەوەیەدا گەیشتنە رێککەوتن ئەوا لە ساڵی داهاتووە هەرێم مانگانە ٢٥٠ هەزار بەرمیل رادەستی بەغدا دەکات و وەفدی هەرێمیش فشار دەکات بەرامبەر ئەو بڕە نەوتە، بەغدا مانگانە بڕی ٩٠٠ ملیۆن دینار بنێرێت بۆ هەرێم.

 

 



PM:10:12:25/11/2019