لیستێکی نوێی مووچەی سەرجەم وەزارەتەکانی هەفتەی داهاتوو ڕاگەیەندرا

وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێم بەردەوامە لە دابەشکردنی مووچەی مووچەخۆران و فەرمانبەران، بەگوێرەی خشتەیەک کە لە وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێم بڵاوکراوەتەوە بڕیارە هەفتەی داهاتوو مووچەی چەند وەزارەت و توێژێک دابەشبکرێت. 

 

سەرچاوەیەکی ئاگادار لە وەزارەتی دارایی و ئابووری حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند" ڕۆژی یەکشەممە ڕێککەوتی ١٥ی کانوونی یەکەمی ٢٠١٩ مووچەی وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان و کەس و کاری شەهیدان و زیندانییە سیاسیەکان خەرج دەکرێت".

 

سەرچاوەکە وتیشی" ڕۆژی دووشەممە ڕێکەوتی ١٦ی کانوونی یەکەمی ٢٠١٩ مووچەی وەزارەتی کارو کاروباری کۆمەڵایەتی، خاوەن پێداویستی تایبەت دابەشدەکرێت".

 

ئاماژەی بەوەشکرد" ڕۆژی سێشەممە ١٧ی کانوونی یەکەمی ٢٠١٩ مووچەی ئەنجوومەنی دادوەری دابەشدەکرێت، ڕۆژی چوارشەممە ١٨ی کانوونی یەکەم مووچەی وەزارەتی داد دابەشدەکرێت".


سەرچاوەکەی وەزارەتی دارایی هەرێم ڕاشیگەیاند" ڕۆژی پێنج شەممە ڕێککەوتی ١٩ی کانوونی یەکەمی ٢٠١٩ مووچەی وەزارەتی سامانە سروشتیەکان دابەشدەکرێت".

 

سەرچاوەکەی وەزارەتی دارایی جەختیشیکردەوە: هەرکاتێک ڕەزامەندی خەرجکردنی پارەکەی بەغداد کە بڕەکەی ٤٥٤ ملیار دینارە بدرێت ئەوا بەخێرای مووچەی شوێنەکانی تر دابەشدەکرێت. 

 

هەرچەندە بڕیارە لە ٥ی هەموو مانگێكەوە دابەشكردنی مووچە دەستپێبكات، بەڵام چەند مانگێكە دابەشكردنی مووچە چەند ڕۆژێك دوادەكەوێت و تا ئێستاش چارەنووسی مووچەی ٣مانگی ئەمساڵ نادیارە.

 
وەزارەتی دارایی مانگانە بە دوو قۆناغ دەستبەدابەشکردنی مووچەی فەرمانبەران دەکات، قۆناغی یەکەم پشت بە داهاتی نەتی فرۆشراو دەبەستێت، قۆناغی دووەمیش لەو پارەیە دابەشدەکرێت کە لە بەغداوە دەگاتە هەرێمی کوردستان.




AM:01:12:13/12/2019