بەگوێرەی سەرچاوە خۆجێییەکانی هەواڵ لە ناوچەکە ئەمڕۆ چوارشەممە ١٨ی کانوونی یەکەمی ٢٠١٩ لە شاری گرێ سپی سەر بە ڕۆژئاوای کوردستان تەقینەوەیەک ڕوویدا، لە ئاکامدا پێنج کەس کوژران و ١٥ کەسی دیکەش برینداربوون.
ئاژانسی سانای سهر به رژێمی ئهسهد رایگەیاند" لە ناوچەی مەبروکە سەر بە شارۆچکەی سەرێ کانی لە ئاکامی تەقینەوەی ئۆتۆمبێلێک ٥ کەس کوژراون و ١٥ کەسی دیکەش برینداربوون".
هاوکات ئاژانسەكە ئاماژەی بە زەرەر و زیانێكی گەورە كردووە، كە بە چێشتخانەكە و ماڵەكانی دەورووبەری كەوتووە، وێڕای سووتانی ژمارەیەك ئۆتۆمبێل، كە لە شوێنی تەقینەوەكە نزیك بوون.
شارۆچکەی سەرێ کانی سەر بە پارێزگای حەسەکەیە لە رۆژئاوای کوردستان و لە ئێستادا لەژێر کۆنتڕۆڵی سوپای تورکیا و هێزەکانی نزیک لە تورکیایە.
شارۆچکەی سەرێ کانی یەکێکە لەو ناوچانەی ئاڵۆزی و تەقینەوەی تێیدا روودەدات، رۆژی 5 ی ئەم مانگەش تەقینەوەیەک روویدا و لە ئاکامدا دوو کەس کوژران و شەش کەسی دیکەش برینداربوون.
لە نۆی ئەم مانگەوە لەشکرکێشییەکانی سوپای تورکیا و گروپە چەکدارەکانی سەر بەو وڵاتە بۆ سەر رۆژئاڤای کوردستان بەردەوامە، سەرەڕای بڕیاری ئاگربەست لە نێوان ئەمریکا و تورکیادا کە ١٧ی ئەم مانگە واژۆیان کرد.
بەگوێرەی زانیارییەکان، سوپای تورکیا و گرووپە چەکدارەکانی ئۆپۆزیسیۆنی سووریا کە تورکیا پاڵپشتییان دەکات، دوای ئاگربەستەکە، نەک تەنیا لەو ناوچانە نەکشاونەتەوە، بەڵكو ژمارەیەکی زۆر سەرباز و تیمی تایبەتی تورکیا و گرووپی چەکدار، بە چەکی قورس و پێداویستی سەربازییەوە بەمەبەستی پاڵپشتیکردنی هێزەکانیان چوونەتە سەرێ کانی و گرێ سپی و ناوچەکانی دیکە، گەمارۆ و شەڕ و رووبەڕووبوونەوەکان و تۆپبارانەکانیشی لە ناوچەکە درێژەیان هەیە.