فەڕەنسا.. محەممەد حەمید لەژێر چاودێریی پزیشکیدایە

محەممەد حەمید یەکێک بوو لەو منداڵانەی بەهۆی بۆردومانەکانی تورکیا لە ڕۆژئاوای کوردستان جەستەی سووتا، حەمیدی باوکی بە تۆڕی میدیای "ڕووداو"ی ڕاگەیاند"  لە سەدا ٧٠ی مەترسی لەسەر ژیانی محەمەد نەماوە و پێویستیان بە مانەوەی زیاترە لە فەرەنسا".

 

حەمید، باوكی محەممەد بە تۆڕی میدیایی "ڕووداو"ی وت" لە فەرەنسا چارەسەری پزیشکی بۆ محەمەد دەکرێت و لەژێر چاودێریی پزیشکییە، بەپێی ئەوەی پێیانراگەیاندووین، رێژەی لەسەدا ٧٠ی مەترسی لەسەر ژیانی نەماوە".

 

سەبارەت بە گەڕانەوەیان لە فەرەنساوە حەمیدی باوکی دەڵێت" نازانین تاوەکو کەی دەمێنینەوە، ئەوە پەیوەستە بە بڕیاری حکومەتی فەرەنساوە، بەڵام مانەوەی لەژێر چاودێریی فەرەنسا باشترە، چونکە هێشتا پێویستی بە چاودێرییە".

 

هاوکات لای خۆشیەوە مووسا کنۆ، خاڵی محەمەد وتی" محەممەد جیا لە رووە تەندروستییەکەی پێویستی بە مافی پەنابەری و مانەوەی زیاترە،  لەڕووی ئەمنییەوە بۆ پاراستنی ئەو و باوکیشی وا باشترە. بۆیە داوا لە لایەنە پەیوەندیدارەکان دەکەین رۆڵی خۆیان لەوبارەوە ببینن".

 

محەممەد حەمید تەمەنی ١٣ ساڵە یەکێکە لەو منداڵانەی کە گومانی ئەوەی لێ دەکرێت بە چەکی فۆسفۆری سپی لە رۆژئاوای کوردستان جەستەی سووتابێت، لە میدیا ناوخۆیی و جیهانییەکانیش دەنگدانەوەی زۆری بەدوای خۆیدا هێناوە، دوای ئەوەی هێنرایە باشووری کوردستان لە ٢٢ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٩ بۆ وەرگرتنی چارەسەر رەوانەی فەڕەنسا  کرا. 
 


AM:09:22:29/12/2019