مەسعود بارزانی پیرۆزبایی لە سەلاحەدین بەهادینی ئۆپۆزسیۆن دەکات لەیەکێتی شەریکە حکومی ناکات

لە میدیاکانی پارتیدا بڵاوکراوتەوە کە مەسعود بارزانی سەرۆک پارتی پیرۆزبایی لە سەلاحەدین بەهادین کردووە بەبۆنەی سەرلەنوێ هەڵبژاردنەوەی بۆ ئەمینداری گشتی یەکگرتووی ئیسلامی، کە یەکگرتوو هێزێکی ئۆپۆزسیۆنە، بەڵام تا ئێستا پیرۆزبایی لە یەکێتی نیشتمانی کوردستان نەکردووە کە کۆنگرەکەی تەواو کردووەو، شەریکە حوکمڕانی پارتییە.

 

 
میدیاکانی پارتی بڵاویان کردۆتەوە " ڕۆژی یەكشەممە 29ـی 12ـی 2019 سەرۆك مەسعود بارزانی لە پەیوەندییەكی تەلەفۆنیدا پیرۆزبایی لە مامۆستا سەلاحەددین بەهائەدین كرد بەبۆنەی هەڵبژاردنی وەك ئەمینداری گشتی و هەڵبژاردنی سەرکردایەتیی تازەی یەکگرتوو و هیوای سەركەوتنی بۆ خواست لە ئەرك و كارەكانیدا و، هەروەها پیرۆزبایی سەركەوتنی هەشتەمین كۆنگرەی یەكگرتووی ئیسلامیی كوردستانی لە ئەمینداری یەكگرتووی ئیسلامی كرد".

 


هەر لەو پەیوەندییە تەلەفۆنییەدا " سەرۆك بارزانی هیوای پتەوتربوونی برایەتی و یەكڕیزیی نێوان لایەنەكانی خواست لەپێناو بەرژەوەندییە باڵاكانی گەلی كوردستان."

 

 
ئەوە لە کاتێکدایە کە چەند رۆژێکە یەکێتی نیشتمانی کوردستان چوارەم کۆنگرەی خۆی لە سلێمانی بەست و کۆتایی هات، سەرباری ئەوەی نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێم ، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەت، پیرۆزباییان لە یەکێتی کرد، بەڵام تا ئێستا مەسعود بارزانی پیرۆزبایی لەو حیزبە نەکردووە کە هاوبەشی حوکمداریە لە کوردستاندا و لەچەند پۆستی باڵای حوکمی پێکەوە کار دەکەن.

 


ئه‌م بابه‌ته ‌1046 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

AM:10:55:30/12/2019