هاوسەرۆکایەتی کۆنسەی بەڕێوەبەریی کۆما جڤاکێن "کەجەکە" ڕاگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە

ئەمڕۆ دووشەممە ٦ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٠ هاوسەرۆکایەتی کۆنسەی بەڕێوەبەریی کۆما جڤاکێن "کەجەکە" لەبارەی کوشتنی قاسم سولەیمانی و دۆخی ناوچەکە  بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند" کوژرانی سولەیمانی و موهەندیس نیشانەی ئەوەیە قۆناغی داهاتوو بۆ گەلانی ناوچەکە قورستر دەبێت".

 

لە ڕاگەیەندراوەکەدا کەجەکە ئاماژەی بەوەشکردووە" قەیرانێک لە ناوچەکە دەستیپێکردووە نە دەوڵەتانی هەرێمی و نە هێزە نێودەوڵەتییەکان نەخشە رێگەیەکیان بۆ چارەسەرکردنی ئەو قەیرانەی پێ نییە".

 

دەشڵێت" تورکیا هەوڵدەدات سود لەم شەڕەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست وەربگرێت بۆ هێرش کردنە سەر کورد".

 

ڕاشیگەیاند" لە دوای کۆتایی هاتنی داعش ئەو هێزانەی دەیانەوێت میراتی داعش بەش بکەن، ململانێ دەکەن و شەڕی سێهەمی جیهانی فروانتر دەکەن".

 

ئەوەشخراوەتەڕوو: کوشتنی قاسم سولەیمانی و ئەبومەهدی موهەندیس، ئەوە پیشان دەدات لە داهاتوودا بارودۆخەکە بۆ خەڵک ئەستەم دەبێت و شەڕ و هێرشی نێوان هێزە نێودەوڵەتییەکان و هێزەکانی ناوچەکە لە دژی یەک، زیاتر لە دژی خەڵکی ناوچەکە دەبێت.

 

لە بەشێکی تری ڕاگەیەندراوەکەدا کەجەکە ڕاشیگەیاندووە" وەک چۆن تاوەکو ئێستا دەوڵەتی تورکیا سوودی لە شەڕ بینیوە، هەوڵدەدات سوود لەو شەڕەش وەربگرێت و لە بارودۆخێکی وەهادا هێرش بکاتە سەر گەلی کورد و هێزە دیموکراسییەکان".

 

ئەوە لە كاتێكدایە بەرە بەیانی رۆژی ٣ی ئەم مانگە ئەمریكا گەورەترین بەرپرسی سەربازی ئێرانی كە قاسم سولەیمانی بوو لە بۆردومانێكدا لە عێراق كوشت و ئێرانیش لەو كاتەوە بە بەردەوام هەرشەشەی تۆڵە سەندنەوە دەكات وسەرۆكی ئەمریكاش لە دواین تویتی خۆیدا هەڕەشەی لە ناوبردنی ٥٢ بنكەی سەربازی ئێرانی كرد ئەگەر هێرش بكاتە سەر هاوڵاتیان و سەربازانی ئەمریكا.

 

 




PM:07:59:06/01/2020