خامنەیی: هێرشەكانی شەوی رابردوو سەركەوتوو بوون

رابەری باڵای شۆڕشی ئێران رایدەگەیەنێت" هێرشە موشەكییەكەی شەوی رابردوو سەركەوتوو بووە".

 

عەلی خامنەی، ڕابەری شۆڕشی كۆماری ئیسلامی ئێران ئەمڕۆ چوارشەممە پەیامێکی لەبارەی هێرشەكانی شەوی رابردوو بۆ سەر بنكە سەربازییەكانی ئەمریكا لە تۆڵەی كوژرانی قاسم سلێمانی بڵاوکردەوەو وتی" موشەكەكان توانیویانە ئامانجی خۆیان بپێكن و سەركەوتوانە هێرشەكە ئەنجام دراوە".

 

خامنەیی ڕاشیگەیاند" واشنتن دەبێت لە ناوچەكە بڕوات و پیلانەكانی شكست دەهێنێت، قاسم سلێمانی رێگر بووە لە بەدی هێنانی پیلانەكانی ئەمریكا لە عیراق و سوریا و لوبنان".

 

لە درێژەی قسەكانیدا عەلی خامنەیی وتی "دوژمنی سەرەكی ئێمە ئەمریكا و ئیسرائیلە و هیچ وڵاتێكی تر بە دوژمن نازانین ئەگەر هێرش نەكەنە سەرمان".

 

ئەوەش لەكاتێكدایە شانەی راگەیاندنی جەنگی عێراق رایگەیاندوە، ئێران ٢٢ موشەكی هەڵداوە و هیچ زیانێك بەر هێزە عێراقییەكان نەكەوتووە. 




PM:12:10:08/01/2020