بارزانی بۆ پشتی كردە یەكێتی‌و رووی كردە گۆڕان؟

لەسەر پرسی حكومەت هەموو كەس پێیوابوو كە ئەگەر گۆڕان داوای وەزارەتی رۆشنبیریش بكات، بارزانی پێیان نادات‌و لەكۆتایی گەمەكەدا پارتی‌و یەكێتی پێكەوە كابینەی هەشتەم دروستدەكەن، بەڵام لەماوەیەكی زۆر كورتدا، بەپێچەوانەی هەموو ئەو بۆچوونانەوە، بارزانی جگە لەوەی پەلە دەكات لەپێكهێانی حكومەت،هاوكات پشتی كردە یەكێتی‌و رووی كردە گۆڕان.

 

ئا: كەریم عارف

ماوەی دوو هەفتەیە بەتەواوی بیروڕای بارزانی‌و پارتی لەسەر پرسی پێكهێنانی كابینەی هەشتەم گۆڕاوە، لەكاتێكدا بارزانی ئامادەبوو لەجێگای تاڵەبانی وەك برا گەورە كێشەكانی ناو سەركردایەتی یەكێتی چارەسەر بكات، بەڵام لەپڕ بارزانی پشتی كردە یەكێتی‌و دەستی خستە ناو دەستی گۆڕانەوە‌و زۆرێك لەو پۆستانەی كە گۆڕان پێشبینی نەدەكرد پارتی پێیبدات، لەوانە وەزارەتی پێشمەرگە‌و وەزارەتی دارایی‌و بریكاری وەزارەتی ناوخۆ، لە كۆبوونەوەیەكی دوو قۆڵی وەفدی دانوستانكاری پارتی‌و گۆڕان لە 7-4 دا لەهەولێر هەموو شتێك گۆڕا‌و ئەو پۆستانە دران بە بزووتنەوەی گۆڕان.

ئەو گۆڕانكاریە لەهەڵوێستی بارزانی سەرۆكی پارتی‌و حیزبەكەیدا، تا ڕادەیەك خەڵكی دووچاری شۆك كرد، چونكە پارتی هەمیشە وا ناسراوە كە زوو سیاسەتی خۆی ناگۆرێت، كە پێی لەسەر بابەتێك داگرت لەسەری دەڕوات، بەڵام ئەو گۆڕانكاریە خێرایە راڤەی زۆر هەڵدەگرێت.


بەپێی هەندێك زانیاری كە دەست سپی میدیا كەوتووە، پارتی دوو بابەتی تیا گۆڕاوە، یەكێكیان پەلەكردن لە پێكهێنانی كابینەی نوێ‌ پێش ئەنجامدانی هەڵبژاردن، كە جاران هێندە خەمی نەبوو، دووەمیشیان ملنەدانی زۆر بۆ داواكانی یەكێتی.
ئەم پەلەكردنەی پارتی لەپێكهێنانی كابینەی نوێ‌ بەندە بەو پەرەسەندنانەی ناوخۆی توركیا‌و سەركەوتنی هاوپەیمانە ستراتیژییەكەی پارتی، تەیب ئۆردوگان‌و حیزبەكەی. پارتی كە جاران جۆرە پەلەنەكردنێكی پێوە دیاربوو لە پێكهێنانی حكومەتدا، ئێستا دوای سەركەوتنی پارتی دادو گەشە، ئەو بەو دیوەدا ڕاڤەی دەكات كە سەركەوتنی سیاسەتی هاوپەیمانەكەیەتی نەك تەنها لەتوركیادا، بەڵكو لەسەرجەم ناوچەكەدا بەكوردستانیشەوە، بۆیە پارتی كەوتۆتە پەلەكردن لەپێكهێنانی حكومەت. 

لەلایەكی ترەوە بەپێی هەندێك زانیاری كە دەست گۆڤاری سپی میدیا كەوتووە، جگە لەم فاكتەرە دەرەكییە، بارزانی سەرۆكی پارتی لەسەر كۆمەڵێك كێشەی سیاسی‌و بگرە شەخسیش ڕای لەسەر یەكێتی بەرەو گۆڕانكاری دەڕوات.
بەپێی زانیاریەكانی سپی میدیا بارزانی لەسەر پەیوەندی نێوان هەندێك لە بەرپرسانی یەكێتی لەگەڵ مالكی‌و ئەو قسانەی لای مالكی كردویانە لەسەر بارزانی‌و پارتی یەكێكە لەهۆكارە سەرەكیەكان.


بەپێی ئەو زانیاریانە لەم قەیرانەی دوایی نێوان بەغدا‌و هەرێم لەسەر نەوت‌و دواتر بڕینی مووچەی فەمانبەرانی هەرێم‌و سەردانی هەندێك بەرپرسی یەكێتی بە ئاشكرا‌و بەنهێنی بۆ لای مالكی‌و بەشێكی زۆر لەو لێدوانانەی ئەو بەرپرسانەی یەكێتی كە لە بەغداوە بڵاویان دەكردەوە‌و بەشێك لەقسەكانیان گەیوەتەوە بە بارزانی ئەمەش بۆتە مایەی ناڕەزایی لەلای ئەو لای پارتیش، لەكاتێكدا بارزانی لەسەر نەخۆشكەوتنی تاڵەبانی‌و كێشەكانی ناو سەركردایەتی یەكێتی هەڵوێستی پۆزەتیڤانەیان هەبووە، هەندێك ناوەندی پارتی دەڵێن " وەڵا یەكێتی جوان پاداشتی چاكەیان داینەوە".


سەبارەت بەهۆكاری تری ئەو پشتكردنە یەكێتی لەلایەن بارازنیەوە، دەگەرێتەوە بۆ باشبوونی زیاتری پەیوەندی نێوان یەكێتی‌و پارتی یەكێتی دیموكراتی ( پەیەدە). سەرچاوەیەكی ئاگادار بەسپی میدیای راگەیاند كە بارزانی چەند جارێك نیگەرانی خۆی بەبەرپرسانی یەكێتی گەیاندووە لەسەر گەشەكردنی پەیوەندی نێوان یەكێتی‌و (پەیەدە). خودی بارزانی لەكۆبوونەوەكانی لەگەڵ بەرپرسانی یەكێتی‌و لەرێگای تەلەفونەوە چەند جارێكی بێزاری‌و ناڕەزایی خۆی گەیاندۆتە بەرپرسانی یەكێتی لەسەر پێشوازیكردنی ئەوان لە بەرپرسانی پەیەدە‌و پێشاندانیان لە میدیاكانەوە‌و كارئاسنی بۆ كردنیان بۆ بەستنی پەیوەندی باش لەگەڵ مالكی.

بەپێی زانیارییەكانی سپی هۆكارێكی گرنگی تری ڕووكردنە گۆڕان‌و پشتكردنە یەكێتی لەلایەن بارزانیەوە دەگەرێتەوە بۆ كێشەكانی نێو سەركردایەتی یەكێتی‌و ئەو فرە جەمسەرییەی ئەو حیزبە تیایدا دەژی كە هیچ مانایەكی بۆ كەسی یەكەم‌و خاوەن بڕیار نەهێشتۆتەوە لەناو حیزبەدا.


سەرچاوەكەی سپی میدیا پێیوایە، بارزانی گەیشتۆتە ئەو حەقیقەتەی كە ئەو بەرنامەیەی ئەو هەیەتی لەبواری راگەیاندنی كۆنفیدراڵی كە پێشبینی دەكرێت دوای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكانی هەرێم‌و پەرلەمانی عێراق، كاری جدی بۆ بكات، پێویستی بەشەریكێكی تۆكمە‌و خاوەن بڕیارە، لە هەلومەرجی ئەمرۆی یەكێتیدا كە فرەجەمسەرە، ناتوانێت ئەو رۆڵە ببینێت، بۆیە شەرێكێكی وەك گۆڕان بەسەرۆكایەتی نەوشیروان مستەفا كە خاوەن بڕیارو هەڵوێستی خۆیەتی بۆ ئەم قۆناغە باشترە لە شەریكێكی وەك یەكێتی نیشتمانی كوردستان.


بارزانی لە كۆبوونەوەكانیشی لەگەڵ نەوشیروان مستەفا لەدوای هەڵبژاردنی 21 ئەیلولی 2013 ەوە، ئەوەی نەشاردۆتەوە كە كاركردنی لەگەڵ نەوشیروان مستەفادا لەسەردەمی بەرەی كوردستانی لە ساڵی 1988‌و دواتریش لەدوای رووخانی رژێمی دیكتاتۆری عێراق‌و لە سەردەمی نوسینەوەی دەستوری عێراق ئەزموونێكی سەركەوتووی ئەو دوو بەرپرسە بووە پێكەوە.

بەپێی بۆچوونی چاودێران سەركەوتنی پارتی دادو گەشە‌و سیاسەتەكانی توركیا لەم ناوچەیەدا لەگەڵ قوڵبوونەوەی كێشەكانی كورد بەتایبەتی پارتی لەگەڵ مالكی‌و خراپبوونی بارودۆخی سیاسی‌و ئەمنی عێراق، چیتر بارزانی ئەوەی لا گەڵاڵە بووە كە ئەوان لەعێراق‌و ناوچەكەدا رووبەرووی كێشەی گەورە گەورە دەبنەوە لەگەڵ دەسەڵاتدارانی بەغدا‌و لەگەڵ رێكخراوی قاعیدە، هەر بۆیە پارتی ئێستا لەهەموو كاتێك زیاتر جەخت لەسەر پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی هەرێم دەكاتەوە، بەڵام گۆڕان بەپلەی یەكەم دێت لەحكومەت‌و لە ریزی پەیوەندیەكانی پارتیشدا، چونكە ئەو هێزە خاوەنی پێگەیەكی فراوانتر لەوەی یەكێـتی‌و هاوكات خاوەنی یەك سەرچاوەی بڕیارە.


هەموو ئەم راڤەكردنانەش بەندە بەدەستوەردانی هێزە هەرێمایەتیەكانەوە‌و كاریگەری ئەو هێزانە لەسەر پارتی‌و یەكێتی، ئەگەر خوێندنەوەی پارتی بۆ پەلەكردن لەپێكهێنانی حكومەتدا بەشێكی پەیوەندی بە ئەنجامی هەڵبژاردنی توركیاوە هەبێت، ئەوا دەبێت چاوەروانی دەستوەردانی كۆماری ئیسلامی ئێرانیش بكەین كەچۆن دەیەوێت پارسەنگی یەكێتی ڕاست بكاتەوە‌و دەست بەباڵیەوە بگرێت.



PM:05:57:26/04/2014