محەمەد تۆفیق عەلاوی راسپێردرا بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێ

بەرهەم ساڵح سەرۆکی عێراق، محەمەد تۆفیق عەلاوی راسپارد بۆ پۆستی سەرۆک وەزیران و پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی عێراق.

 

محەمەد تۆفیق عەلاوی لە وتەیەکی کورتدا کە سادەیی وێنەگرتنی پێوە دیاربوو دووریش بوو لەهەموو رێورەسمێک و ئەتکیەتێک، بەسادەیی وتی" من سەرۆکی کۆمار رایسپاردووم بۆ پۆستی سەرۆک وەزیرانە حکومەتی نوێ".

 

لەو وتە کورتەدا ئاماژەی بۆ ئەوە کرد کە حەزی کردووە سەرەتا قسە لەگەڵ خۆپیشاندەراندا بکات و، وتیشی " بەردوام بن لە خۆپیشاندان، بەبێ ئێوە هیچمان بۆ ناکرێت، ئەمە ولآتی خۆتانە"و داوای لێکردن بەردەوام بن لە خۆپیشاندان و ئەوەی خستەڕوو کە ئەو فەرمانبەرە لەلای ئێوە.

 

هەروەها عەلاوی وتی" دەبێت چەکی دەوڵەت لەرووی ئەوانەدا بەرزبکرێتەوە کە رووی چەکەکانیان لەئێوە بوو"، باسی لەوەش کرد کە دەبێت بەها بۆ هێزە ئەمنییەکان بگەڕێنینەوە.

 

وتیشی" ئەگەر رووبەڕووی فشاربوومەوە لەلایەن فراکسیۆنەکانەوەو بیانەوێت ئەم و ئەو بەسەرمدا بسەپێنن، ئەوا دەستلەکاردەکێشمەوە".

 

کەسایەتی راسپێردراو بۆ سەرۆکی حکومەتی نوێ جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە بەپێی پرەنسیپی " ئەمەت لەکوێ بوو" کاردەکەین بۆ قەلآچۆکردنی گەندەڵی و کارکردنی بۆ ساڕێژکردنی برینەکان و هەڵبژاردن".

 

د. محەمەد تۆفیق عەلاوی خوێندنئ سەرەتای و ناوەندی و سانەوی لە بەغدا تەواوکردووە، دواتر چۆتە کۆلیژی ئەندازیاری بیناسازی لە زانکۆی بەغدا، لە دوا ساڵی خوێندنیدا لە ١٩٧٧ لەبەر هەڵمەتێكی فراوانی دەستگیرکردن لەنیوان خوێندکاراندا کە لەلایەن هێزەکانی رێژێمی بەعسەوە ئەنجامدران، ناچاربووە زانکۆ جێهێڵێت و بچێتە لوبنان و لەوێ پەیوەندیکرد بەزانکۆی ئەمەریکیەوەو دەستی بەخوێندن کردەوەو، توانی بڕانامەی بەکالاریۆس بەدەستبهێنێت لە ساڵی ١٩٨٠ لە بواری ئەندازیاری بیناسازی.



ناوبراو تێڕوانینێکی ئیسلامی نزیک محەمەد باقر ئەلسەدری دووی هەبووەو پێشەکیەکەشی دەگەڕێتەوە بۆ ئەو سەردەمەی خوێندکاری زانکۆ بووەو، چۆتە ریزەکانی حیزبی دەعوەوە، پاشان واز لەوێ دەهێنێت نزیک دەبێتەوە لە ئەیاد عەلاوی، لەو دەمەدا رووبەرووی رەخنەی زۆر بۆتەوە کە دوور کەوتۆتەوە لە ئیسلامییەکان، بەتایبەتی کە بڕوای بە بنیاتنانی دەوڵەتێکی مەدەنی هەبووە، هەر ئەو کاتە چووە سەر لیستەکەی عەلاوی لە ساڵی ٢٠٠٥ داو دوای بووە بەوەزیری پەیوەندیەکان.


 
لە دوای رووخانی سەدام و وەرگرتنی وەزیری پەیوەندیەکانەوە، چەندان پرۆژەی دژایەتی گەندەڵی و، رەخنە گرتن لە سیاسەتی بانک ناوەندی عێراق، پلانی کۆنترۆڵکردنی ئەمنی شاری بەغدا و سنورەکان و، لە بواری خوێندنیشدا دەستەبەرکردنی خوێندنی ماستەرو دکتۆرا لە رێگای ئینتەرنێتەوە.


 

 

 



PM:06:13:01/02/2020