عێراق پێدانی ڤیزەی بە گەشتیارانی ئێران راگرت

دوای بڵاوبوونەوەی دەیان حاڵەتی تووشبوون بە ڤایرۆسی كۆرۆنا لە ئێران كە بەو هۆیەوە ژمارەیەك گیانلەدەستدان هەیە، هەردوو وەزارەتی ناوخۆ و تەندروستیی عێراق چەند بڕیارێكی خۆپارێزیان بۆ رێگرتن لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەكە دەركرد، لەوانە وەستاندنی رێگەدان بە هاتنەناوەوەی ئێرانییەكان بۆ ناو خاكی عێراق. 

 

ئێوارەی ئەمرۆ وەزارەتی ناوخۆی عیراق لە بەیاننامەیەكدا پێدانی ڤیزا بە هاوڵاتییانی ئێرانی راگرت و جەختیشكردەوە ئەمەش بە هۆی مەترسییەكانی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا لە ئێران.

 

ئەمە لەکاتێکدایە ئەمڕۆ بەڕێوەبەری راگەیاندن و پەیوەندییە گشتیەكانی وەزارەتی تەندروستی ئێران رایگەیاند" ئەنجامی پشكنینە سەرەتاییەكان تەئكید لەسەر ئەوەدەكاتەوە كە دوو كەس لەشاری قومی باشوری تارانی پایتەخت توشی ڤایرۆرسی كۆرۆنا بوون و دوای تێپەڕبوونی چەند سەعاتێكی بەسەر بڵاوكردنەوەیدا، ئەو دوو هاووڵاتییە ئێرانییە گیانیان لەدەستدا".

 



PM:07:09:20/02/2020