حه‌سه‌ن نوری: هەر کەسێک خەڵک بە قاچاخ لە ئێرانەوە بهێنێته‌وه‌ دەستگیردەکرێت

بەڕێوەبەری گشتی ئاسایشی سلێمانی ڕایدەگەیەنێت" ئەو كەسانەی بە قاچاغ خەڵكیان لە ئێرانەوە گەڕاندووەتەوە بەفەرمانی دادوەر دەستگیركراون".

حەسەن نوری، بەڕێوەبەری گشتی ئاسایشی سلێمانی بە دەنگی ئەمریكای ڕاگەیاند" بەداخەوە ئەو دۆخەی لەودیو سنوورەوە ڕوویدابوو، درەنگوەخت ڕێوشوێنەكان گیرانەبەر بۆ ڕێگریگرتن لەو هاوڵاتیە عیراقیانەی چوونەتە ناو ئێرانەوە و دەگەڕێنەوە".

وتیشی" خۆشبەختانە هەر لەساتی یەكەمەوە، ڕێوشوێنی پێویست گیرایەبەر، ئەوانەی گەڕانەوە لە ئێران لەڕێگای باشماخەوە هێنرانە سلێمانی و شوێنیان بۆ دابینكراو كەرەنتینە كران".

ئاشكراشیكرد: بەهۆی بەفرو باران و سەرماوە، زۆربەی ئەو كەسانەی لە باشماخەوە ڕۆیشتبوون و لێرەشەوە دەگەڕانەوە، بەڵام ئەوەی جێگەی داخە لە خاڵی سنوری مونزریە كە سنووری هەرێم نیە لەوێوە دەرگا واڵا بوو یەك كەس كەرەنتینە نەكرا، ڕێی لێنەگیرا ئەوانەشی كە دەیانویست لەباشماخەوە بێنەوە، زۆربەیان لەولاوە دەڕۆیشتن و دەهاتنەوە لە دووەم ڕۆژ و سێهەم ڕۆژ و چوارەم ڕۆژ ئیتر پێیانزانی.

ناوبراو ڕاشیگەیاند" ئاسایش ناوی هەموو ئەو كەسانەی لایە كەلە خاڵی سنوری “مونزریە” لەئێران گەڕاونەتەوە بەڕێگای قاچاخ، بەڵام خەڵكێكیش هەن ڕۆژانە دێن بۆ تەندروستی بۆ پشكنین ئەوانەی لە خاڵی سنووری باشماخەوە نەهاتوونەتەوە بێگومان تاك و تەرا هەیە ڕەنگە خۆی شاردبێتەوە".

حەسەن نوری دەشڵێت" هیچ كەسێك لێرەوە ناچێتە ئێران، ئەوەشی دەگەڕێتەوە دەبێت لە مەرزە ڕەسمییەكانەوە بێتەوە، بەهەمان شێوە تەندروستی كۆیان دەكاتەوە و پشكنینیان بۆ دەكەن و ئەیانخانە ئۆتۆمبێل و لێرە كەرەنتینە دەكرێن".

ناوبراو داواشی لە هاووڵاتیان كرد ئارامتر بن" ئەم ڤایرۆسە زۆر مەترسیدار نییە و هیچ خەڵك نەترسێ بە بۆچوونی من، ئەم حاڵەتە هەیە، بەڵام دەبێت خۆمانی بۆ ئامادە بكەین لەڕووی نەفسیشەوە دەبێت ئامادە بین بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی، چونكە ئەمە یەكەمجارە پەتایەكی وا لەهەموو جیهان بڵاوببێتەوە، ڕەنگە هەرێمی كوردستانیش ئەو ئەزموونەمان نەبێت، بەڵام خەریكە دۆخەكە بەئاڕاستەیەكی باشدا دەڕوات".

 

بەڕێوەبەری ئاسایشی سلێمانی ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد" ئاساییە من بزانم حاڵەتێكم هەیە بڕۆم بمخەنە كەرەنتینەوە دامبنێن بۆ ئەوەی پشكنینی تەواوم بۆ بكەن، ئەگەر دەركەوت نەخۆشم با بمخەنەسەر قەرەوێڵەیەك، ئەجەل بەدەست خوایە، من دڵنیام ئەمەش دەڕوات و تێیدەپەڕێنیین، دۆخەكە باش دەبێت خوا بكات ئەم شارە و شارەكانی تریش بپارێزێ و بەسەر ئەچێ و نامێنێ".



PM:03:22:05/03/2020